رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران دیمەنی هێرشە مووشەکییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی بۆسەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو و ئوردن بڵاوکردەوە و دەڵێت، هێرشەکان بە سێ جۆر مووشەکی بالیستی کراون.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، میدیای نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران، گرتە ڤیدیۆی ئاراستەکردنی چەندین مووشەکی بالیستی بە ئاراستەی بەحرێن، کوێت و ئوردن بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێرشەکە بە سێ جۆر مووشەکی بالیستی کراوە.
بە گوێرەی ئاژانسەکە، سوپای پاسداران لە هێرشەکانیدا بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، مووشەکەکانی قەدر، عیماد و خەیبەرشکەنی بەکارهێناوە.
هەواڵەکە لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا کاژێر 5:00ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (12:00 شەو بە کاتی هەولێر) بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ دەستی بە هێرش بۆسەر ئێران کردووە.
سێنتکۆم هێرشەکەی بە "وەڵامێکی گونجاو بۆ دەستدرێژییە بێ پاساوەکەی ئێران" ناوبرد، کە مەبەست لێی خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەر ئاپاچییەکەی ئاسمانی تەنگەی هورمز بوو.
دواتر قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکادا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئێران بە پاساوی "کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان"، هەندێک لە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرانە ئامانجی ئەرتەش و سوپای پاسدارانی ئێران.
لە راگەیێندراوەکەدا کە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، هاتووە: "سوپای ئەمریکا دەبێت ئەوە بزانێت لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشی زۆر قورستر و فراوانتر دژی ئەو ئامانجانەی لە ناوچەکەدا دیاری کراون، دەکرێ."
هاوکات سوپای پاسدارانی ئێرانیش رایگەیاند، سوپای ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە پاساوی "کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان" چەند شوێنێکی لە جاسک، سیریک و قیشم بۆردوومان کرد، کە بەهۆیەوە زیان بە تاوەرێکی پەیوەندییەکان کەوت و دوو کۆگەی ئاو لە ناوچەی (بەمانی) وێران بوون.
سوپای پاسداران دەڵێ، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، توانیویانە 21 ئامانجی سەربازیی سوپای ئەمریکا لە بنکە ئاسمانی و دەریاییەکانی ناوچەکە بپێکن.
بەپێی راگەیێندراوەکە، کە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوی کردەوە، سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات، توانیویەتی درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکایی لە جۆری MQ9 لە ئاسمانی شاری (جەم) بخاتە خوارەوە. هاوکات هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، بە مووشەکی دوورهاوێژ، هێرشی کردووەتە سەر چوار ئامانجی ستراتیژی لە نێو ئوردن.