رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوێت رایدەگەیێنێت، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی، لەم ساتەدا (بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە) سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی کۆمەڵێک ئامانجی ئاسمانیی "دوژمنکارانەن" و بەپێی رێکارە سەربازییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.
لە راگەیێندراوێکدا، سوپای کوێت داوای لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکە کردووە پابەندی رێنماییەکانی ئاسایش و سەلامەتی بن کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچن.
هەروەها جەختی کردەوە، پێویستە زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگیرێن تاوەکو چیدیکە پڕوپاگەندە و زانیاریی نادروست بڵاو نەبێتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی: لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا، توانیویانە 21 ئامانجی سەربازیی سوپای ئەمریکا لە بنکە ئاسمانی و دەریاییەکانی ناوچەکەدا بپێکن.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، بنکەی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 و ناوەندی کۆنتڕۆڵ و فەرماندەیی سوپای ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی (ئەزرەق) لە ئوردن کراونەتە ئامانج و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
هاوکات هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، بە مووشەکی دوورهاوێژ، هێرشی کردووەتە سەر چوار ئامانجی ستراتیژی لە ناو خاکی ئوردن.
