رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی سەربازیی ئێران رایگەیاند، تەنگەی هورمزیان بە تەواوی بەڕووی هەموو جۆرە کەشتییەکدا داخستووە و هەر کەشتییەک لە تەنگەکە نزیكببێتەوە دەکرێتە ئامانج، دوای ئەوەی هێزەکانیان دوو کەشتییان لە کاتی هەوڵدانیان بۆ تێپەڕبوون بەنێو تەنگە ستراتیژییەکەدا پێکا.
رۆژی پێنجشەممە، 11-06-2026، بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، "هەر هاتووچۆیەکی کەشتی بەنێو تەنگەی هورمزدا دەکرێتە ئامانج" و تەنگەکە "بە تەواوی بەڕووی هەموو جۆرە کەشتییەکدا داخراوە."
بەپێی ئاژانسی تەسنیم، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، دانوستاندنەکانی ئاشتی بەرەو وەستان چوونەتەوە و ئەمریکا بۆ دووەم شەوی لەسەریەک هێرشی تووندی کردووەتە سەر باشووری وڵاتەکە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە دانوستاندنەکاندا یارییان پێدەکات.
لە لایەکی دیکەوە، میدیای ئێران لەسەر زاری هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، "دوو کەشتی کە هەوڵیانداوە بە شێوەیەکی نایاسایی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، پێکراون."
هێزەکەی سوپای پاسداران رایگەیاند: "لە دوای پێشێلکاریی دووبارەبووەوەی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکای دووژمنەوە، تەنگەی هورمز تاوەکو کاتێکی نادیار دادەخرێت."
هەروەها هۆشدارییان دا و گوتیان: "هۆشداریدەدەین کە نابێت هیچ کەشتییەک شوێنی لەنگەرگرتنی خۆی لە کەنداوی فارس و دەریای عومان جێبهێڵێت. نزیکبوونەوە لە تەنگەی هورمز وەک هاوکاری لەگەڵ دووژمندا هەژمار دەکرێت."
هاوکات میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکە لە نزیک تەنگەی هورمز بیستراوە، کە هەمان ئەو ناوچەیەیە هێزەکانی ئەمریکا رۆژی سێشەممە پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی، رادار و شوێنەکانی دیکەیان تێیدا بۆردومان کردبوو.
