رووداو دیجیتاڵ
لە وەرچەرخانێکی دیپلۆماسیی مێژوویدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان گەیشتنە رێککەوتنێکی فەرمی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان. دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی دا و لە بەرامبەریشدا سندووقێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە پێکدەهێنرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە فەرمانی داوە بە کۆتاییهێنانی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران، ئەوەش رێگە خۆش دەکات بۆ کردنەوەی تەنگەی ستراتیژیی هورمز. لە بەرامبەردا هێرشەکان لە هەموو بەرەکاندا، بە لوبنانیشەوە، بە هەمیشەیی ڕادەگیرێن.
بڕیارە رۆژی هەینی لە سویسرا مەراسیمی فەرمیی واژۆکردنی رێککەوتنەکە بەڕێوەبچێت.
سندووقی 300 ملیار دۆلاری و ئاوەدانکردنەوە
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی رێککەوتنەکە، دروستکردنی سندووقێکی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەی نێودەوڵەتییە بە بەهای 300 ملیار دۆلار. بەپێی زانیارییەکان:
- ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئاسانکاری دەکەن بۆ پلانی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی سڤیلی ئێران.
- پارەکە بە شێوەی "کاش" نادرێتە حکومەتی ئێران، بەڵکو لە ڕێگەی کەرتی تایبەت و گشتییەوە بۆ مۆدێرنکردنی کەرتی وزە و ژێرخان خەرج دەکرێت.
- ئەم هەنگاوە وەک سازشێکە لە بەرامبەر داواکاریی سەرەتایی ئێران کە داوای یەک تریلیۆن دۆلاری وەک قەرەبووی جەنگ کردبوو.
24 ملیار دۆلار پارەی بلۆککراو ئازاد دەکرێت
جگە لە سندووقی ئاوەدانکردنەوە، بڕیارە نزیکەی 24 ملیار دۆلار لە داراییە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات ئازاد بکرێن، بەڵام بە مەرج:
- ئازادکردنەکە قۆناخ بە قۆناخ دەبێت و لە رێگەی بانکەکانی قەتەرەوە دەبێت.
- 6 ملیار دۆلار بە شێوەی دەستبەجێ تەنیا بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان (هاوکاری مرۆیی) تەرخان دەکرێت.
- ئازادکردنی تەواوی پارەکە بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی مەرجە دەریایی و ئەتۆمییەکان.
قۆناخی "راگرتن بەرامبەر راگرتن"ی 60 رۆژە
رێککەوتنەکە بە دوو قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، قۆناخی یەکەم (60 رۆژ): واشنتن پابەند دەبێت بەوەی هیچ سزایەکی نوێ لەسەر کەرتەکانی بانک، کەشتیوانی و نەوتی ئێران دانەنێت. لە بەرامبەردا ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم رادەگرێت، هێرشی گرووپە میلیشیاکان رادەگرێت و تێپەڕین لە هورمز ئاسایی دەکاتەوە.
قۆناخی دووەم: لادانی هەمیشەیی سزاکان تەنیا کاتێک دەبێت کە ئێران رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی ئەتۆمییەکەی واژۆ بکات.
بەربەستەکان؛ ئیسرائیل و کۆنگرێس نیگەرانن
سەرەڕای گەشبینییەکان، سێ بەربەستی سەرەکی لە بەردەم رێککەوتنەکەدا هەن:
- لە ئەمریکا: لیندسی گراهام و ژمارەیەک لە یاسادانەرانی کۆنگرێس، پڕۆژەی 300 ملیار دۆلارییەکە بە "پێشکەشکردنی پلانی مارشاڵ بە دوژمن" ناودەبەن و دژی وەستاونەتەوە.
- لە ئێران: لایەنە تووندڕەوەکان و میدیاکانی وەک رۆژنامەی (کەیھان) رەخنەی تووند دەگرن و دەڵێن تیمی دانوستاندنکار "کارتی گوشاری هورمز"یان لەدەستداوە بەبێ ئەوەی پارەی کاشیان دەستبکەوێت.
- لە ناوچەکە: ئیسرائیل دوودڵییەکی زۆری نیشانداوە و سوپاکەی لە ئامادەباشیدا هێشتووەتەوە بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربەخۆ دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەر تاران بە تەواوی پیتاندن رانەگرێت.
.webp&w=3840&q=75)