رووداو دیجیتاڵ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سێ سکاڵای لە دژی هەرێمی کوردستان دواخست، کە وەزیری دارایی فیدراڵ و دوو دامەزراوەی دیکە تۆماریان کردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێک بۆ بەناوکردنی موڵکەکانی حکومەت، کە 34 ساڵ لەمەوبەر دەرکراوە. یەکەم دانیشتنی ئەو سکاڵایانە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقەوە رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، کرا و دادگە بڕیاری دا سکاڵاکان بۆ 7ی تەممووزی 2026 دوابخات. سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دواخستنەکە لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە." سکاڵاکان لەلایەن وەزیری دارایی فیدراڵ، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی رافیدەین، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانی لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوون. لەو سکاڵایانەدا داوا کراوە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە 24ی تشرینی دووەمی 1992 دەریکردووە بە نادەستووری بناسێنێت، بەگوێرەی بڕیارەکە سەرجەم ئەو موڵکانەی ئەو کاتە بە ناوی حکومەتی پێشووی عێراق و ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی پێشووی دەسەڵاتی بەعس بوون، بکرێن بە ناوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.