رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین دۆسیەی سیاسی و ئابووریی "هەستیار" تاوتوێ دەکات. ئاشکراشی کرد، حکومەت کار بۆ دامەزراندنی سندووقێکی گەشەپێدان دەکات کە سەرمایەکەی دەگاتە 250 ملیار دۆلار.
رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا نوێترین بڕیارەکانی حکومەتی خستەڕوو و رایگەیاند: "لەسەر بنچینەی رێنماییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، حکومەت بڕیاری داوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی جیهانی و لیژنەی دارایی پەرلەمان، شێوازی بودجەی عێراق لە بودجەی خەرجییەوە بگۆڕێت بۆ 'بودجەی پڕۆگرامەکان'، ئەوەش بە مەبەستی برەودان بە چاکسازیی ئابووری."
سندووقێکی 250 ملیار دۆلاری بۆ گەشەپێدان
عەبدووی ئاماژەی بە پڕۆژەی "سندووقی پەرەپێدان" کردو گوتی، ئەم پڕۆژەیە لە رێگەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانەوە پارەدار دەکرێت و گوتی: "خاڵی دەستپێکی پڕۆژەکە بە 100 ملیار دۆلار دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە ئاییندەدا بگاتە 250 ملیار دۆلار."
بە گوتەی حەیدەر عەبودی، ئەم سندووقە وەک "دەفرێکی وەبەرهێنان" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە هاوکاریی وڵاتانی دۆست، پێداویستییەکانی گەشەپێدانی ژێرخانی عێراق دابین دەکات. جەختیشی کردەوە کە "سەرۆکوەزیران پێیوایە شێوازی ئێستای بودجە لە ئاستی خواستەکاندا نییە، بۆیە پەیڕەوکردنی بودجەی پڕۆگرامەکان بە باشترین بژارە دەزانێت."
سەردانی واشنتن و پەیوەندییەکان
سەبارەت بە ئەجێندای سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن، عەبودی گوتی، سەردانەکە "دەسپێشخەری و دۆسیەی ئابووری و سیاسیی زۆر گرنگ لەخۆدەگرێت کە رەنگدانەوەیان لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دەبێت."
مووچە و مەترسییەکانی تەنگەی هورمز
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی حکومەت دڵنیایی دایە مووچەخۆران و رایگەیاند، حکومەت بە تەواوی پابەندە بە دابینکردنی مووچەی ئەو 11 ملیۆن کەسەی لە دەوڵەتدا مووچە وەردەگرن.
داخستنی تەنگەی هورمز مەترسییەکی جددی لەسەر داهاتی عێراق دروستکردووە، بەوپێیەی 90٪ی داهاتی وڵات پشت بە نەوت دەبەستێت و نزیکەی 90٪ی ئەو نەوتەش بەو تەنگەیەدا تێدەپەڕێت. عەبودی گوتی: "دۆخی دارایی بە شێوەیەکی رێکخراو و بە هاوئاهەنگیی نێوان بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی بەڕێوەدەچێت."
دۆسیەی چەک و گەندەڵی
حەیدەر عەبودی باسی لەوەش کرد کە حکومەت لیژنەیەکی بۆ "هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکان" بە دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان پێکهێناوە.
لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش، حەیدەر عەبودی گوتی: "سەرۆکوەزیران لە راگەیاندنی ناوی ئەو کەسانەی لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتییەوە گلاون، کەمتەرخەمی ناکات."
رۆژی 14ی ئایار، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە کارنامەکەی عەلی زەیدی و 14 وەزیر دا، بەڵام پێنج وەزارەت بە بەتاڵی مانەوە. عەبودی لەو بارەیەوە گوتی: "حکومەت چاوەڕێی تەواوکردنی کابینەکەیەتی و ئەگەر رێککەوتنە سیاسییەکان بکرێن، بەمزووانە ئەو پرسە یەکلایی دەکرێتەوە."
