رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا، داوای پەلەکردن لە پڕکردنەوەی پۆستە وزارییەکانی نێو کابینەی حکومەت دەکات، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی رەوتی حیکمەش پێیوایە "کەمتر لە دوو هەفتەی دیکە" کابینەکە تەواو دەکرێت.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە رۆژی 8ی ئەم مانگە لە نووسینگەی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختیان لەسەر پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی حکومەت.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لایەنەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت بەزووترین کات کابینەی حکومەت تەواو بکرێت بۆ ئەوەی بەرنامەی چاکسازیی حکومەت بە خێرایی جێبەجێ بکرێت.
محەممەد حوسێنی، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی رەوتی حیکمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گفتوگۆکان بۆ تەواوکردنی کابینەکەی عەلی زەیدی بەردەوامن و، "کەمتر لە دوو هەفتەی دیکە کارەکە تەواو دەکرێت و دەنگ لەسەر تەواوکاریی کابینەکە دەدرێت."
"پێش سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتن کابینەکە تەواو دەکرێت"
بڕیارە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق مانگی داهاتوو سەردانی ئەمریکا بکات. ئەمڕۆ چوارشەممە، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ تاوتوێکردنی "کۆمەڵێک دۆسیە و دەستپێشخەریی گرنگە."
بە گوتەی سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی رەوتی حیکمە، "پێش سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا، کابینەکە تەواو دەکرێت."
هاوکات، حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون بە رووداوی گوت، "بە ئەگەری زۆرەوە دانیشتنی پەرلەمان دەکەوێتە سەرەتای مانگی حەوت، چونکە ئێستا پەرلەمان لە پشووی هاوینەی خۆیدایە."
حوسێن شەیحانی دەڵێت: "هەوڵێک هەبوو کە دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەندام بدرێت، بەڵام سەری نەگرت."
"جیاوازیی سیاسی رێگرە لە دیاریکردنی کاتی دانیشتنی پەرلەمان"
سەڵاح بووشی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی گوت، "هێشتا وادەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران تایبەت بە تەواوکردنی کابینەی وەزاری دیارینەکراوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکییە سیاسییەکان لەسەر بڕیاری تەواوکردنی وەزارەتەکان بە پاساوی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەندێک لە بەربژێرانی وەزارەتە ماوەکان؛ ئەمە وەک پەکخستنێکی سیاسی دادەنرێت."
سەڵاح بووشی دەڵێت، ئەوان وەک هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پەرۆشن بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆسەیە لە زووترین کاتدا و بەو شێوەیەی کە "بەرژەوەندیی گشتی دەستەبەر بکات و دوور بێت لە پەکخستن و بەرژەوەندیی تەسک."، ئامادەیی هاوپەیمانییەکەشی نیشان دەدات بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو بەربژێرانەی کە "خاوەن لێهاتوویین، دەستپاکن و بەگوێرەی پێوەرە دەستووری و پیشەییەکان دەستنیشان کراون."
بەڵام غانم عێفان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی هاوپەیمانیی عەزم پێشبینی دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا داوای دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان.
غانم عێفان دەڵێت: "حکومەت نایەوێت زیان بە هیچ لایەنێکی سیاسی بگەیێنێت و کار بۆ ئەوە دەکات کابینەیەک پێکبهێنرێت کە جێگەی رەزامەندی هەمووان بێت و سەقامگیریی سیاسی بپارێزێت."
رۆژی 14ئایار، لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ بەربژێری وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەڕێوەچوو و جگە لە پەسندکردنی کارنامەکەی عەلی زەیدی، 14 بەربژێر دەنگی پێویستیان بۆ بوونە وەزیر بەدەستهێنا و پێنج بەربژێریش رەتکرانەوە.