رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات؛ ئامانجی سەردانەکەش پرسی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنیی نێوان هەولێر و بەغدایە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 11-06-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیارە سەردانەکە هەفتەی داهاتوو بێت."
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە بۆ "بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە."
ئەو سەردانە دوای ئەوە دێت، رۆژی 03-06-2026، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی نوێنەرانی کۆمپانیاکانی نەوت سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرسی نەوت، زیادکردنی بەرهەمهێنان، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن و گەرەنتیی پاراستنی کۆمپانیاکانی نەوت بوو.
سەرچاوەیەکی بەشدار لەو کۆبوونەوەیەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەدا کە سوپاسالاری عێراقیش ئامادەی بوو، یارەڵڵا ئامادەیی دەربڕی بۆ هەر هەنگاوێک کە پێویست بێت بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان."
لەو بارەیەوە چیمەن حوسێن سورچی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە سوپاسالاری عێراق هەفتەی داهاتوو سەردانی هەولێر بکات. ئامانجی سەردانەکە پتەوکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکان و پرسی پاراستنی کێڵگە و کۆمپانیاکانی نەوتە، چونکە کۆمپانیاکان داوای گەرەنتیی پاراستن و دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکانیان کردووە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان زیاد بکەن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە."
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەم سەردانە، رۆژی سێشەممە 09-06-2026، فارس عیسا، سهرۆكى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵای کردبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نوێنەرایەتییەکە، لەو دیدارەدا باس لە بارودۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و گرژییەکانی ناوچەکە کرابوو؛ هەردوولا دووپاتیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوئاهەنگیی نێوان دەزگا ئەمنییەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کردبووەوە، بەتایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و پاراستنی سەقامگیریی وڵات.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی فارس عیسا و یارەڵڵا، تایبەت بوو بە پاراستنی دامودەزگا حکومییەکان، نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆمپانیا بیانییەکان. لە کۆتایی دیدارەکەدا، فارس عیسا بە فەرمی بانگهێشتی سوپاسالاری عێراقی کردبوو بۆ سەردانیکردنی هەولێر، بە مەبەستی داڕشتنی پلانی هاوبەش بۆ قۆناخی داهاتوو.
