رووداو دیجیتاڵ عێراق و سووریا لیژنەیەک بۆ گەڕاندنەوەی 10 هەزار هاووڵاتیی عێراقی پێکدەهێنن کە لە سووریان و بەشێکیان ئەوانەن کە پێشتر لە کەمپی هۆل بوون. عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو حکومەتی عێراق و سووریا پێکهێنراوە بۆ گەڕاندنەوەی نزیکەی 10 هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە سووریا، کە بەشێکیان ئەوانەن کە پێشتر لە کەمپی هۆل بوون". کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە و لە 21ی کانوونی دووەمی 2026 کەوتە دەست سوپای سووریا کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو. ئەو کات زیاتر لە 80 خێزانی عێراقیی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپەکە بوون و چوونە شارەکانی دیکەی سووریا. عەلی جەهانگیر رایگەیاند: "لیژنەکانی نێوان هەردوولا لە کۆبوونەوە و پەیوەندیی بەردەوامدان، بەڵام تاوەکو ئێستا کات و شێوازی گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە لە سووریاوە یەکلا نەبووەتەوە". دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بەر لە گەڕانەوەی هەر خێزانێک لە سووریاوە، وردبینیی ئەمنی بۆ دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراو نین. گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەی هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی عێراق. لە سێ ساڵدا عێراق بە 33 کاروان زیاتر لە 21 هەزار هاووڵاتیی عێراقی کە کەسوکاری چەکدارانی داعش بوون لە کەمپی هۆلەوە گەڕاندەوە عێراق.