رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێ، 60 وێستگەی کێشانی بارهەڵگرەکان لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق خراونەتەگەڕ و هەر شۆفێرێکیش لە قەپان رابکات، تاوەکو یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، رۆژی هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆی نزیکەی 82 وێستگە، تاوەکو ئێستا 60 وێستگەی قەپانی بارهەڵگرەکان کەوتوونەتە خزمەتەوە." گوتیشی، ئەو وێستگانە لە دەروازەی پارێزگاکان، رێگەکانی سەر بە دەروازە سنوورییەکان و شوێنی بەرهەمهێنانی کەرەستە بیناسازییەکان دانراون.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەیان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا هەردوو وێستگەی (موفەقییە و نەعمانییە) لە پارێزگای واست بخاتە کار.
سەبارەت بە چۆنیەتی چاودێریکردنی وێستگەکان، نەبیل سەفار روونیکردەوە کە لە رێگەی فەرمانگەی رێگاوبان و پردەکان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گشتی، بە سیستمێکی ئەلیکترۆنیی مۆدێرن چاودێریی کارەکان دەکرێت، ئەوەش بەگوێرەی ئەو رێنماییە تایبەتانەی لە وەزارەتەوە دەرچوون.
سەبارەت بە سزای ئەو شۆفێرانەی لە وێستگەکانی کێشان رادەکەن یان پابەند نابن، گوتەبێژی ئاوەدانکردنەوە گوتی: "یاسای رێگاوبان کۆمەڵێک سزای دیاری کردووە، لەوانە پێبژاردنی ئەو کەسانەی لە قەپان رادەکەن بە بڕی 500 هەزار دینار تاوەکو یەک ملیۆن دینار."
نەبیل سەفار دەڵێت، هەر بارهەڵگرێک کێشەکەی لە سنووری رێگەپێدراو زیاتر بێت، بەگوێرەی مادەی 14 لە یاسای رێگا گشتییەکان، بارهەڵگرەکەی دەستبەسەر دەکرێت تاوەکو بارە زیادەکەی لە دەرەوەی وێستگەکە دادەگرێت (لەسەر ئەرکی شۆفێرەکە)، جیا لەوەش بۆ هەر کیلۆگرامێکی زیادە، بڕی 500 دینار پێبژاردن دەکرێت.
نەبیل سەفار دەشڵێت، بەگوێرەی یاسا و بڕیارە بەرکارەکان، 5 هەزار دینار وەک باج لە هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە وێستگەکان وەردەگیرێت.
وێستگەکانی ئێستای کێشکردنی بارهەڵگر لە کەرکووک:
- وێستگەی کێشانی قەرەسالم؛ رێگەی کەرکووک- هەولێر
- وێستگەی کێشانی کەیوان؛ رێگەی کەرکوک- دووبز
- وێستگەی کێشانی تازە؛ رێگەی کەرکووک- بەغدا
- وێستگەی کێشانی گازی باکوور؛ رێگەی کەرکووک-مووسڵ
- وێستگەی کێشانی کەرکووک-تکریت
وێستگەکانی ئێستای کێشکردنی بارهەڵگر لە نەینەوا:
- وێستگەی کێشانی بازگەی کەرکووک
- وێستگەی کێشانی دهۆک-تلکێف
- وێستگەی کێشانی بادۆش
- وێستگەی کێشانی باشیک
