رووداو دیجیتاڵ
ئاندرۆ جولیانی، سەرۆکی تیمی کۆشکی سپی راسپێردراو بۆ رێکخستنی مۆندیال، هۆکاری رێگەنەدان بەناوبژیوانێکی سۆماڵی و ژمارەیەک لە ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەی ئێرانی بەچوونە نێو خاکی وڵاتەکە ئاشکراکرد.
شەممەی رابردوو، عومەر عرتن کە یەکێکبوو لەو ناوبژیوانانەی لەلایەن فیفاوە دەستنیشانکرابوو بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکانی مۆندیال، لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە رێگەی پێنەدرا بچێتە نێو خاکی وڵاتەکەوە.
ئەمریکا پێشتر، ڤیزانی چوونە نێو ئەمریکای بە ژمارەیەک لە ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەی ئێرانیش نەدابوو.
بەرپرسەکەی کۆشکی سپی دەڵێ، هۆکاری گونجاومان هەبوو بۆ رێگەنەدان بەو کەسانە.
جولیانی دەڵێ، "ناوبژیوانێک هەبوو، رێگەی پێنەدرا بێتە نێو ئەمریکاوە، ناتوانم وردەکارییەکان باس بکەم، بەڵام ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە رێگەپێنەدانەکە بەهۆکاری گونجاو بوو".
جولیانی ئاشکرایکردووە بۆ ئەو دۆسێیە، قسەی لەگەڵ مارکواین مۆلینی وەزیری ئاسایشی نێوخۆی ئەمریکا و سەرۆکی پۆلیسی سنووری وڵاتەکە کردووە.
تاوەکو ئێستا، هۆکاری سەرەکی رێگەنەدان بەعرتن کە پێشتر یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای بەڕێوەبردووە و بە باشترین ناوبژیوانی ساڵی 2025 لە ئەفریقا دەستنیشانکرا، ئاشکرا نەکراوە.
دەستەی گومرگ و پاراستنی سنوورەکانی ئەمریکا، هۆکاری رێگەنەدان بە عرتنی بە رستەیەک روونکردووەتەوە و دەڵێ، "کیشەی لە چێککردنەوەی باکگراوند"یدا هەبووە.
جیا لە عرتن، حکومەتی ئەمریکا پێدانی ڤیزای وڵاتەکەی بە 15 ئەندامی شاندی هەڵبژاردەی ئێرانیش رەتکردووەتەوە.
جولیانی ئاشکرایکردووە، "تاوەکو ئێستا 35 هەڵبژاردە هاتوونەتە نێو خاکی ئەمریکاوە، رێگری لە هیچ کەسێک نەکراوە".
ئەو دەڵێ، "هەندێک ئەندامی شاندەکان هەبوون کە بەهۆکاری گونجاو رێگرییان لێکراوە بێنە نێو خاکەکەمانەوە".
ئەو بەرپرسە زیاتر دەڵێ، "پێویستە رێگری لە هەندێک لایەنی چەپەڵ بکەین لەوەی لەژێر ناوی جامی جیهانیدا، بێنە سەر خاکی ئەمریکا".
سبەی پێنجشەممە، رکابەرییەکانی مۆندیالی 2026 بە رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی مەکسیک و ئەفریقای باشوور، لە مەکسیک دەستپێدەکات.
جولیانی زیاتر گوتوویەتی، "هەموو ئەندامانی شاندی ئێران، لە یاریزان و راهێنەران دەتوانن بێنە خاکی ئەمریکاوە، بەڵام هەندێک بەرپرسی ئێرانی هەن رێگەیان پێنادەین و بۆ ئەوەش، بیانووی گونجاوی خۆمان هەیە".
بڕیاربوو شاندی هەڵبژاردەی ئێران، لەماوەی مۆندیالدا لەسەر خاکی ئەمریکا بمێنێتەوە و لە تۆکسۆنی ویلایەتی ئەریزۆنا نیشتەجێ ببن، بەڵام پاش رێکەوتن لەگەڵ فیفا، شاندەکە کەمپی خۆی گواستەوە بۆ تیخوانای مەکسیک و تەنیا لە رۆژی یارییەکانیدا، دەچێتە ئەمریکا و دوای تەواوبوونی یارییەکانی، دەگەرێتەوە مەکسیک، بەبێئەوەی لەسەر خاکی ئەمریکا بەشەوم بمێنێتەوە.
جولیانی دەڵێ، "دەتوانن بیهێننە بەرچاوی خۆتان، کە کەسانێک هەن وایدادەنێن راهێنەرن، بەڵام لە راستیدا وانین". ئاماژەی بەوەداوە کە ئەگەر هەیە لە نێو ئەواندا، "ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران هەبێت".
هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەی حەوتەم لەگەڵ هەریەک لە هەڵبژاردەکانی، بەلجیکا، میسر و نیوزیلاند یارییدەکات.
