رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لە فلۆریدا لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیال بەردەوامە و ئەمشەو دوایین یاریی دۆستانە ئەنجامدەدات.
هەڵبژاردەکە دوای گەیشتنی بە ئەمریکا، چەند رۆژێکە بەردەوام و مەشق و راهێنان دەکات و ئەمشەو لە دوایین یاریی دۆستانەی ئامادەکاریدا بۆ مۆندیالدا بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆستاریکا یاریی دەکات و تۆماس تۆخێل، راهێنەری هەڵبژاردەکە دەیەوێت بگاتە پێکهاتەی کۆتایی بۆ یاریی یەکەمیان بەرامبەر کرواتیا.
هەموو یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی ئینگلتەرا بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەن، دوای ئەوە هەڵبژاردەکە دەچێتە دالاس بۆ ئەوەی لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە مۆندیالدا بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا یاریی بکات.
ئینگلتەرا چوار رۆژ لەمەوبەر یارییەکی دۆستانەی بەرامبەر نیوزیلەندا ئەنجامدا و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
تۆماس تۆخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لەبارەی ئەوەی هەڵبژاردەکەی بەربژێرە بۆ بردنەوەی مۆندیال گوتی"نەخێر، ئێمە بەربژێری یەکەم نین بۆ بردنەوە. ناتوانین وا بین، چونکە ساڵانێکی زۆر و زۆرە نەمانبردووەتەوە. لە پاڵەوانێتییەکەدا براوەی سەلمێنراو هەن کە لە مۆندیالەکانی ئەم دواییەدا سەرکەوتنی زیاتریان هەبووە. ئەوانە بەربژێری سەرەکین و ئێمەش رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکەین. ئێمە خەونی گەورەمان هەیە و دەزانین ئەمە واتای چییە؛ ئەگەر خەونی گەورەت هەبێت، بەرپرسیارێتی لەگەڵ دێت، بەرپرسیارێتیش لەسەر هەوڵدانە. بۆیە تەواوی سەرنجمان لێرەیە و دەمانەوێت رکابەری بکەین."
راهێنەری ئینگلتەرا زیاتر دەڵێت "ئێمە خۆمان وەک رکابەر و بەرەنگارکەر دەبینین و دەمانەوێت تاکو قۆناخی کۆتایی بڕۆین، بەڵام پێم وانییە بەربژێری سەرەکی بین."
