رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی کۆریای باشوور، لە دووەم یاریی دەستپێکی مۆندیالدا، بە سەرکردایەتیی سۆن هیۆنگ مین، بەرامبەر چیک یاریی دەکات و دەیەوێت لە یەکەم دەرکەوتنیدا بە ئەنجامێکی باشەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە.
کۆریای باشوور، لە دوایین دوو یاریی دۆستانەی پێش دەستپێکردنی مۆندیال سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ماوەیەکی زۆرە خۆی بۆ رکابەرییەکان ئامادەدەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە.
کۆریا پێشتر 12 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، لە ساڵی 2002 باشترین ئەنجامی بەدەستهێناوە و بووەتە خاوەنی پلەی چوارەم.
سۆن هیونگ مین، ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکەیە و خاوەنی 144 یاریی نێودەوڵەتی و 56 گۆڵە، زۆرترین یاریی بۆ هەڵبژاردەکە کردووە و دوو گۆڵی پێویستە بۆ ئەوەی ریکۆردی گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکە یەکسان بکاتەوە.
هەڵبژاردەی کۆریای باشوور 11 مۆندیالە لەسەریەک بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا دەکات و لە مۆندیالی 2022 گەیشتە قۆناخی شازدە.
هەڵبژاردەی چیک ئامادەکارییەکانی بۆ یەکەم دەرکەوتنی لە مۆندیالدا تەواو کرد و ئامادەیە بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور.
چیک لە شاری مانسفێڵد لە ویلایەتی تێکساس دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی ئەنجامدا و چووە شاری گوادالاخارای مەکسیک بۆ ئەوەی یەکەم یاریی لە مۆندیالدا ئەنجامبدات و رکابەری لەسەر بردنەوەی یەکەم سێ خاڵ بکات.
ئەمە جاری یەکەمە لە دوای مۆندیالی 2006ـەوە، هەڵبژاردەی چیک دەگاتە مۆندیال و دووەمجارە لە دوای جیابوونەوەی لە سلۆڤاکیا بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکات.
ئەمە یەکەمجارە هەردوو هەڵبژاردە یارییەکی فەرمی بەرامبەر یەکدی ئەنجامبدەن، پێشتر سێ یاریی دۆستانەیان کردووە، هەریەکێکیان بردنەوەیەکیان هەبووە و یارییەکیش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
