رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق گەیشتە ویلایەتی ڤێرجینیای رۆژئاوا و لە هۆتێلێک دەمێنێتەوە، پێشتر 28 سەرۆکی ئەمریکا لەو هۆتێلەدا ماونەتەوە و یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین و ناوازەترین شوێنەکانی ئەو ویلایەتەیە.
یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بە پاسێکی تایبەت و بە یەک شێوازی جلوبەرگ گەیشتنە شوێنی مانەوەیان و راستەوخۆ چوونە هۆتێلی گراینبەر و تاوەکو کۆتاییهاتنی کاروانی یارییکردنیان لە مۆندیال لەو هۆتێلە دەمێننەوە.
"گرینبرایەر" هاوینەهەوارێکی لوکس و ناودارە کە دەکەوێتە ناو چیایەکانی ئەلێگەینی لە نزیک ناوچەی "وایت سەڵفەر سپرینگز" لە کەرتی گرینبرایەر لە ویلایەتی ڤێرجینیای رۆژئاوای ئەمریکا.
بینای ئێستای گرینبرایەر لە ساڵی 1913 لەلایەن کۆمپانیای هێڵی ئاسنی "چێساپیک و ئۆهایۆ" دروستکراوە.
لە ساڵی 1778ـەوە، گەشتیاران روو لەم ناوچەیەی ویلایەتەکە دەکەن بۆ ئەوەی "ئاوی کانییەکان بەکاربهێنن بۆ مەبەستی چارەسەر. گرینبرایەر لەسەر ڕووبەری 4500 هێکتار زەوی بونیاد نراوە و خاوەنی 710 ژووری میوان، 20 چێشتخانە و هۆڵ، زیاتر لە 55 جۆر یاری و چالاکیی وەرزشیی ناوەکی و دەرەکی، و زیاتر لە 35 فرۆشگای هەیە.
دواین سەرۆکی ئەمریکا کە لە کاتی خولی سەرۆکایەتییەکەیدا لە گرینبرایەر مابێتەوە، دوایت دایسێنهاوەر بووە. بە گشتی تا ئێستا 28 سەرۆکی ئەمریکا لەم هۆتێلەدا ماونەتەوە. "مۆزەخانەی کوخی سەرۆکەکان" لەناو هاوینەهەوارەکەدا، چەندین کەلوپەل و وێنەی نمایشکراوی دەربارەی ئەو سەردانانە و مێژووی گرینبرایەر تێدایە.
میوانە دیارەکان بریتی بوون لە دووکی ویندسۆر و هاوسەرەکەی، واڵیس سیمپسۆن، بینگ کرۆسبی، و ئەندامانی خێزانی کێنیدی. هەروەها هاوینەهەوارەکە میوانداری کەسایەتییە بیانییە باڵاکانی وەک جەواهر لال نەهرۆ، ئیندێرا غاندی، و شازادە ڕەینێر و شازادە گرەیسی مۆناکۆی کردووە.
هەروەها گرینبرایەر شوێنی پەناگەیەکی ژێرزەوی گەورەیە کە مەبەست لێی ئەوە بووە وەک پەناگەیەک بۆ کاتی باری نائاسایی بۆ "کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" لە کاتی شەڕی سارددا بەکاربهێنرێت. ئەم پەناگەیە ناوی کۆدی "پڕۆژەی دوورگەی یۆنانیی لێنرابوو.
