رووداو دیجیتاڵ
زنجیرەی رووداوە سەیر و سەرنجڕاکێشەکان لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەردەوامن، دوای دزینی کەلوپەلەکانی هەڵبژاردەکە، ئەمجارە زریان و چەقۆکانی شێفی هەڵبژاردەکە، بوونە نوێترین تەنگژە.
رۆژنامەی 'سەن'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا رووبەڕووی رووداوێکی سەیر و دەگمەن بوونەتەوە، پاشئەوەی رێگەنەدراوە شێفی تایبەتی هەڵبژاردەکە، سواری ئەو شەمەندەفەرە بێت کە ویست باڵم بیچەوە دەچووە ئۆرلاندۆ.
هۆکاری رێگریکردن لە شێفەکەی ئینگلتەرا ئەوەبووە کە ئەو ژمارەیەک چەقۆی پێبووە کە لە کارەکەیدا بەکاریان دەهێنێت.
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو کەلوپەلانەی چێشتلێنان کە لە نێو جانتاکانی شێفەکەدابوو کاتێک ویستوویەتی سواری شەمەندەفەر ببێت، لەلایەن ئامێرەکانی پشکنینی سەنتەری شەمەندەفەرەکەوە ئاشکرابوون و ئەو ئامێرانە هۆشدارییان لێداوە، لە بوونی کەلوپەلی کانزایی لە نێو جانتاکاندا.
شێفەکە ناچاربووە کەلوپەلەکانی خۆی بەجێبهێڵێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ ئەندامانی هەڵبژاردەکە سواری شەمەندەفەرەکەبێت کە دەبوو یاریزانانی هەڵبژاردەکە بگەیەنێتە یاریگای یاریی دۆستانە بەرامبەر کۆستاریکا.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تاوەکو ئێستا یاریی یەکەمی خۆی لە مۆندیال ئەنجامنەداوە. بەڵام زنجیرەیەک رووداوی سەیری تووشبووە.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، دوێنێ شەممە، شاندی هەڵبژاردەکە ناچاربووە لە نێو باڵەخانەی کەمپی مەشقیی تایبەت بەخۆیدا بمێنێتەوە، پاشئەوەی زریان زۆرینەی ناوچەکانی کانساس سیتی گرتەوە.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، رۆژی شەممە گەیشتە کەمپی فەرمیی خۆی لە مۆندیال لە کانساس سیتی، دوای ئەوەی بەزنجیرەیەک رووداوی سەیردا گوزەری کرد لەو کەمپە کاتییەی لە فلۆریدا کردییەوە.
لە کەمپەکەی فلۆریدا، سەرەتا بوومەلەرزە لە ناوچەکەیدا، دواتر رووداوێکی تەقەکردن لە نزیک کەمپەکە روویدا و حەوت کەس برینداربوون. دواتر کەلوپەلەکانی یاریزانانی هەڵبژاردەکە دزران، بەرلەوەی پۆلیس دزەکان بدۆزێتەوە.
رۆژنامەی 'ئاتلێتیک' ئاشکرایکردووە، سەرجەم ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکە، لە دوای کاژێر 8ی بەیانی، نامەی ئاگادارکردنەوەی ئۆتۆماتیکییان پێگەیشتووە و لەلایەن دەستەی نیشتمانیی کەشناسیی ئەمریکاوە ئاگادارکراونەتەوە، کە پێویستە لە شوێنی داخراودا بمێننەوە دوور لە پەنجەرە، چونکە زریان و رەشەبایەکی بەهێز کە خێراییەکەی 80 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا.
دواتر ئەندامانی شاندەکە و یاریزانانی هەڵبژاردەکە لەوە ئاگادارکراونەتەوە کە زریانێکی بەهێز روو لە ناوچەکە دەکات. بەرلەوەی کە باران و رەشەبای بەهێز و زریان، کارەبای بەشێکی بەرچاوی ناوچەکە ببڕێت.
لە مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە کۆمەڵەی 12 یاریی دەکات و رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی کرواتیا، گانا و پەنەما دەبێتەوە.
