رووداو دیجیتاڵ
کلاودیا شینپاوم، سەرۆکی مەکسیک هۆکاری ئامادەەنەبوونی لە یاریی کردنەوەی مۆندیال، لە نێوان هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و هەڵبژاردەی ئەفریقای باشوور ئاشکراکرد.
رۆژی پێنجشەممە، لە یاریگای ئازتیکای بەناوبانگ لە مەکسیکۆ سیتی، پایتەختی مەکسیک، یاریی کردنەوەی مۆندیالی ئەمساڵ، لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی مەکسیک و ئەفریقای باشوور بەڕێوەچوو.
یارییەکە بە سەرکەوتنی مەکسیک بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هات.
شینپاوم کە وڵاتەکەی یەکێکە لە میوانداریکەرانی پاڵەوانێتییەکە، بەشداریی ئاهەنگی کردنەوە و یاریی یەکەمی نەکرد و ئەوەش، جێگای سەرنجی میدیاکان بوو.
سەرۆکی مەکسیک رایگەیاندووە، زۆرینەی مەکسیکییەکان ناتوانن بلیتی یارییەکانی مۆندیال بکڕن، هەربۆیە بلیتەکەی خۆی داوەتە هاندەرێکی کەمدەرامەت.
ئەو هەروەها دەڵێ، "نرخی بلیتەکان بەرزە، وەک سەرۆکی وڵات، بەلامەوە باشتربوو بلیتەکەم بدەمە هاندەرێک کە زۆر حەزی لە تەماشاکردنی یارییەکە بوو، گەنج بوو، نەک ئەوەی بچمە یاریگا، من ئەوەم هەڵبژارد لەگەڵ خەڵکدا لە دەرەوە تەماشای یارییەکە بکەم".
شینپاوم هەروەها دەڵێ، بەرزبوونەوەی نرخی بلیتەکان، خاڵێکی زۆر مشتومڕهەڵگری پاڵەوانێتییەکەیە، بەتایبەت مەکسیک کە نرخی هەر بلیتێک دەگاتە سێ هەزار دۆلار و ئەوەش پارەیەکە مەکسیکییەکان ناتوانن بەئاسانی دابینی بکەن، تەنانەت زۆرینەیان لە مانگێکدا ئەو پارەیە پەیدا ناکەن.
سەرۆکی مەکسیک زیاتر دەڵێ، "ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵکی مەکسیک دەتوانێت ئەو پارەیە بدات".
شینپاوم هەروەها گوتوویەتی، بلیتەکەی خۆی داوەتەوە کچێک بەناوی یولیت سێرڤانتس کواکیوا، کە پێشتر پێشبڕکێیەکی نیشتمانیی بردووەتەوە کە حکومەتی مەکسیک ئەنجامیدابوو.
مەکسیک یەکێکە لە وڵاتە میوانداریکەرەکانی مۆندیالی ئەمساڵ، بەهاوبەشیی لەگەڵ ئەمریکا و کەنەدا.
