رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل لە ئاستی تیپەکەی لە یاریی بەرامبەر مەغریب رازی نییە و دەڵێت "ئەوەمان نەکرد کە لە یارییە دۆستانەکاندا کردمان".
راهێنەری بەرازیل دوای یەکسانبوونیان بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب لە یەکەم یارییاندا لە مۆندیالدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئەمە یارییەکی زەحمەت بوو، بەتایبەت لە سەرەتادا. تیپەکە شڵەژابوو، دڵەڕاوکێیەکی زۆریان هەبوو، نەیانتوانی زۆر تۆپ لای خۆیان بهێڵنەوە. لە نیوەی دووەمدا کەمێک باشتر بووین، بەڵام هێشتا هەر سەخت بوو، پێموایە تیپەکە لە یاری داهاتوودا باشتر دەبێت."
ئەنچێلۆتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەم کە لە نیوەی یەکەمدا روویدا، تیپەکە باش یاری نەکرد، هەندێک کێشەم هەبوو وەک هاوسەنگی تیپ، چەند فاوڵێک و لەدەستدانی تۆپ. دەبێت ئەم لایەنە باشتر بکەین، نیوەی دووەممان باشتر بوو. نابێت متمانەمان لەدەست بدەین، چونکە لە یاری یەکەمدا هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە. نابێت وا بیر بکەینەوە کە تیپەکە تەنیا بە یەک یاری بێ کەموکوڕییە. ئەم ئەنجامە خراپ نییە و لە یاری داهاتوودا زیاتر هەوڵ دەدەین. جامی جیهانی تەنیا بە یەک یاری تەواو نابێت."
کارلۆ زیاتر قسەیکرد و گوتی "تیپەکە تاکو دوایین خولەک جەنگا، هەماهەنگی بە روونی شتێکە کە دەبێت پەرەی پێ بدەین؛ ئەو شتانەی لە دوو یارییە دۆستانەکەدا بە باشی ئەنجاممان دابوو، لە نیوەی یەکەمدا سوودیان نەبوو. دەبێت بەردەوام بین لە کارکردن لەسەر ئەمە و بۆ یارییەکانی داهاتوو تیپێکی هاوسەنگتر و هێرشبەرترمان هەبێت."
بەرازیل لە یەکەم یارییدا لەگەڵ مەغریب یەکسانبوو و ئاستێکی بەرزی پێشکێش نەکرد، ئەمە نیگەرانییەکی زۆری لای هاندەرانی هەڵبژاردەکە دروستکرد.
