رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئێران، دوای مشتومڕێکی زۆر یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالدا ئەنجامدەدات و بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەرامبەر نیوزیلەندا یاریی دەکات.
هەڵبژاردەکە سەرەڕای ئەوەی سەرەتا رووبەڕووی بەربەست و ئاستەنگیی زۆر بووەوە، بەتایبەت کە دەنگۆی ئەوە هەبوو بەشداری لە مۆندیالدا نەکات، بەڵام لە کۆتاییدا یاریزانەکانی ئێران ڤیزایان پێدرا و چوونە مەکسیک.
پێش بەڕێکەوتنیان بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا، شوێنی مەشقەکانی هەڵبژاردەکە دووجار گۆڕدرا و لە کۆتاییدا گواسترایەوە بۆ تیخوانای مەکسیک، شەوی رابردوو بەکاتی باشووری کوردستان، هەڵبژاردەکە بە فڕۆکەیەکی تایبەت چووە بۆستن، لەوێ دوایین ئامادەکارییەکانیان بۆ یەکەم دەرکەوتنیان لە مۆندیالدا ئەنجامدا و هەڵبژاردەکە ئامادەیە.
گەشتەکانی هەڵبژاردەی ئێران بۆ ناو ئەمریکا بۆ یارییەکانی، سنووردار کراوە بۆ ماوەیەکی کورت؛ بە شێوەیەک تەنیا رۆژێک پێش یارییەکە دەگەنە ناو وڵات و بەپێی هەواڵەکان دەستبەجێ دوای یارییەکە دەبێت بگەڕێنەوە.
ئێران 7 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، چوار مۆندیالە بەسەریەکەوە بەشداری دەکات، بەڵام هەرگیز نەیتوانیووە لە قۆناخی کۆمەڵەکان بپەڕێتەوە.
عەلیڕەزا بەیرانوەند، خەڵکی پارێزگای لوڕستانه لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئێرانە. ئەو لە ماوەی ساڵەکانی 2014 تاوەکو 2019 باشترین گۆڵپارێزی خولی پلە نایابەکانی ئێران بووە و ساڵی 2019ش وەک کەسایەتی تۆپی پێی ئێران هەڵبژێردرا.
