رووداو دیجیتاڵ
تەواوی پێکهاتەی ئیسپانیا بۆ مۆندیال ئامادەیە و ئەمڕۆ هەڵبژاردەکە یەکەم یاریی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامدەدات و بەرامبەر کەیپ ڤێردی یاریی دەکات.
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان، ئیسپانیا یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالدا ئەنجامدەدات.
دوای ئەوەی چەند رۆژێک بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتنەوە، رۆژی یەکشەممە لامین یامال، نیکۆ ویلیامز و ڤیکتۆر مونۆز بەشێوەیەکی ئاسایی بەشدارییان لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکەدا کرد و بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ بەتەواوی ئامادەن.
ئەستێرە لاوەکەی بارسێلۆنا لە مانگی 4 لە ماسوولکەکانی پشتی رانیدا تووشی پێکانبوو، ئەمە کاریگەریی لەسەر توانای جەستەیی ئەو یاریزانە دروستکردبوو، بەڵام ئێستا بۆ یارییکردن ئامادەیە و چاوی زۆری لەسەرە بۆ ئەوەی هاوکاریی ئیسپانیا بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لە مۆندیالدا.
ئیسپانیا پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەورووپایە، ئەوان خاوەنی پێکهاتەیەکی بەهێزن و یاریزانی بەتوانایان هەیە، بەتایبەت پێدری، رۆدری، لامین یامال، کوکورێیا و چەندین یاریزانی دیکە کە دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش.
ئیسپانیا لە دوای بردنەوەی مۆندیالی 2010 نەیتوانیووە لە قۆناخی شازدە تێبپەڕێت، بەڵام ئەمجارە هەمووان چاوەڕێن تیپەکە ئەنجامی باشتر لە سێ مۆندیالی رابردوو هەبێت.
لارۆخا پێش مۆندیال لە یارییەکی دۆستانەدا لەگەڵ عێراق یەکسانبوو و دوای ئەوەش لە پیرۆی بردەوە، تیپەکە بۆ یەکەم دەرکەوتنی ئامادەیە و کاروانەکەی لە یاریگای مێرسیدس بێنز لە ئاتڵانتا دەستپێدەکات.

