رووداو دیجیتاڵ
دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لە یەکەم یارییدا درەوشایەوە و بە تۆمارکردنی گۆڵێک کوردی لەسەر ئاستی جیهان دڵخۆشکرد و هاوکاریی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ بردنەوە.
ئەڵمانیا بەرامبەر کوراساو یارییکرد و لە یەکەم دەرکەوتنیدا بە 7-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە سێ خاڵەوە چووە نێو رکابەرییەکانی مۆندیال.
لەو یارییەدا دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کورد بۆ یەکەمجار بەشداریی لە مۆندیالدا کرد و 26 خولەک یارییکرد، یاریزانە کوردەکە گۆڵێکی تۆمارکرد و دوو گۆڵی دروستکرد، بەمەش ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد و لە دوای خامێس رۆدریگێز و لە مۆندیالی 2014ـەوە، یەکەم یاریزانە لە یارییەکی مۆندیالدا بەشێوەی یەدەگ بەشداری بکات و گۆڵێک و دوو ئەسیستی هەبێت.
ئونداڤ لەو یارییەدا 1 هەلی راستەقینەی دروستکرد، لە کۆی 12 پاس، 8 پاسی دروستی هەبوو.
دێنیز ئونداڤی کوردان، خەڵکی رووهای باکووری کوردستانە، لە دوایین 7 یارییدا بەدرێسی ئەڵمانیاوە 7 گۆڵی کردووە، لە کۆی 10 یاریی کە بۆ هەڵبژاردەکەی ئەنجامداوە، 7 گۆڵی تۆمارکردووە و 4 ئەسیستی هەیە.
لەم وەرزەدا یاریزانە کوردەکە بەشێوەیەکی گشتی 29 گۆڵ و 17 ئەسیستی کردووە.
ئەوەی بۆ هەمووان سەرنجڕاکێش بوو، شایی کوردی بوو، کاتێک ئونداڤ دوای گۆڵەکەی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر لەنێو یاریگا ئەنجامیدا.
گۆڵەکەی ئونداڤ لەسەر ئاستی کوردستان و جیهان کاردانەوەی زۆر گەورەی دروستکرد و هەزاران کورد پێی دڵخۆشبوون و وێنە و ڤیدیۆکانی ئەو یاریزانەیان لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکردەوە.
