رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە نوێترین ئاماری پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ناوی (هەڵەبجە) رادەگەیێنێت و دەڵێ، تاوەکو ئێستا 1000 ژمارە دراونەتە هاونیشتمانییان و خواستێکی زۆر لەسەر وەرگرتنی ژمارە جوانەکانیش هەیە.
عەقید عەتا بەهرام، بەرێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەکە لە 2024/7/1ـەوە 1000 ژمارەی تابلۆی هەڵەبجە دراونەتە هاونیشتمانییان و پسووڵەی کڕینی ژمارەش گەیشتووەتە 1519 پسووڵە.
بە گوتەی عەقید عەتا بەهرام، پڕۆسەکە زۆر بە باشی و بێ کێشە بەڕێوەدەچێت و خواستێکی زۆریش لەسەر ژمارەی جوان هەیە.
بەرێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە ئاماری ئەم ساڵی تاوەکو 2ـی ئەم مانگە بۆ رووداو خستەڕوو و رایگەیاند:"278 ئۆتۆمبێل ژمارەی هەڵەبجەیان وەرگرتووە؛ 243 ئۆتۆمبێلی تایبەت، 20 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، 12 ئۆتۆمبێلی کشتوکاڵی، 3 ئۆتۆمبێلی بیناسازی بوون".
ئاماری ساڵی 2025:
پار لە کۆی گشتیی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەی هەڵەبجەیان وەرگرتووە 540 ئۆتۆمبێل بوون، کە پێکهاتبوون لە:
489 ئۆتۆمبێلی تایبەت.
32 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر.
14 ئۆتۆمبێلی کشتوکاڵی.
4 ماتۆڕسکیل.
1 ئۆتۆمبێلی بیناسازی.
هەر بەپێی ئامارەکان لە ساڵی 2024ـدا 182 ئۆتۆمبێل تۆمارکراون و ژمارەکەیان دراوەتە هاونیشتمانییان.
عەقید عەتا بەهرام بۆ رووداو گوتی: "1519 کەس داوای ژمارەیان دڵخوازی خۆیان کردووە و هەریەکەیان بە 2 ملیۆن دینار ژمارەکەی کڕیوە."
.jpg&w=3840&q=75)