رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەرین راگەیاند، تەرمی ئەو پیاوەیان دۆزیوەتەوە، کە دوێنێ لە سنووری قەزای پشدەر لە کاتی پەڕینەوە لە زێی بچووک خنکابوو.
رۆژی هەینی 12ـی حوزیرانی 2026، عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "محەممەد حەسەن دوێنێ لە ئاوی زێی بچووک لە سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی راپەرین کەوتە نێو ئاو، کاژێر 10:00ی ئەم بەیانییە تەرمەکەی دۆزرایەوە".
ئەو پیاوە تەمەنی 62 ساڵە و لە دوێنێوە گەڕان بەدوایدا لەلایەن هەموو تیمەکانی بەرگری شارستانی راپەرین بەردەوام بوو. عەلی قادر دەڵێت: "دوێنێ ویستوویەتی لە ئاوەکە بپەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی، چونکە پردی لێ نییە، بەڵام ئاو بردوویەتی".
بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەرین، ئاوەکە زۆر قووڵ نییە، بەڵام بەخوڕە، بۆیە گەڕان کەمێک سەخت بوو و کاتی ویست تاوەکو دۆزرایەوە.
عەلی قادر دەڵێت، نەبوونی پرد لە هەندێک ناوچەی سنووری قەزای پشدەر وای لە دانیشتووانی گوندەکان کردووە پەنا ببەنە بەر بەکارهێنانی بەلەم بۆ پەڕینەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر گیانی گوندنشینان دروست کردووە.
