رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی هەفتەیەک لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەولێر، ئەمڕۆ نرخی لیترێک 50 دینار دابەزی. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان دەڵێت، "رۆژ بە رۆژ بەرەو دابەزین دەچێت." گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانییش دەڵێت، ئەوان نرخیان جێگیرە.
6ی ئەم مانگە نرخی بەنزین لە هەولێر بەرزبووەوە و لیتری گەیشتە 1075 دینار، لە کاتێکدا رۆژێک پێش ئەو رێککەوتە لیترێک بەنزین لەنێوان 850 بۆ 890 دینار بوو، دواتر بە پلەبەندی بەرزبووە و لیتری گەیشتە 1200 دینار.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوە تێپەڕی بەنزین نرخی بەرەو سەرەوە بچێت، لە ئەمڕۆوە نرخی بەرەو دابەزینە و ئەمڕۆ بە کۆ لیتری بە 1050 دینار بوو."
ئەمڕۆ بەشێکی بەنزینخانەکان نرخی لیترێک بەنزینیان دابەزاند بۆ 1100 بۆ 1150 دینار. جەنگی مەجید گوتی، "پێشبینی دەکەین لە چوار رۆژی داهاتوودا نرخەکە بەردەوام بەرەو دابەزین بچێ، تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتیشی، "ژمارەی ئەو بەنزینخانەی بەنزینی 750 دیناری دەفرۆشن، زیاد کراون و بەنزین لە بازاڕدا زۆر بووە، ئەمڕۆ 23 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناریی حکومییان دابەشکرد و وەکو پێشووش نۆرەگرتنی زۆر نەماوە، بەنزینی بازرگانییش خواستی کەم لەسەربوو، زیاتر دادەبەزێت."
لەبارەی نرخی گازی (LPG) کە جگە لە ئۆتۆمبێل بۆ ماڵانیش بەکاردێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی، "گازی (LPG) بەردەوامە لە دابەزین، ئەمڕۆ لیتری بە 590 بۆ 600 دینار بوو."
دوای ئەوەی نرخی بەنزین لە هەولێر بەرز بووەوە، رۆژی دواتر و لە 7ی ئایار، نرخی لیترێک بەنزین لە سلێمانی 50 دینار بەرز کرایەوە و لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بووە 1000 دینار.
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخمان لە 1000 دینار راگرتووە، زۆرینەمان بە نرخی کۆ دەیفرۆشینەوە و هەندێکیش لە زیانداین، تەنیا لەپێناو ئەوەی نرخەکە زۆر بەرز نەبێتەوە، تاوەکو دۆخ ئاسایی دەبێتەوە."
سەرچاوەی بەنزینی پارێزگای هەڵەبجە لە پارێزگای سلێمانییە و نرخیان هاوشێوەیە. هەروەها سەرچاوەی بەنزینی پارێزگای دهۆک زۆرینە لە پارێزگای هەولێرە و نرخیان لەیەکەوە نزیکە.
