رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆک، روونکردنەوەی لە بارەی بڕیارێک بۆ رێکخستنەوەی دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان دا و رایگەیاند، ئامانج لە بڕیارەکە "رێکخستنەوەی ئاستی دەنگی بانگە" نەک کەمکردنەوەی. بڕیارەکەش دوای ئەوە هاتووە، سکاڵای نوێژخوێنان و دانیشتووانی دەوروبەری هەندێک مزگەوتی پێگەیشتووە.
عەبدولڕەزاق کۆڤلی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بانگ یەکێکە لە دروشمە پیرۆزەکانی ئایینی ئیسلام، ویستوومانە رێکخستنەوەیەکی باشتری بۆ بکەین، تاوەکو جوانییەکی دیکە بە مزگەوتەکان ببەخشێت."
بە گوتەی کۆڤلی، کێشەکە لە خودی بانگی یەکگرتوودا نییە، بەڵکو لە میکانیزمی گەیشتنی دەنگەکەدایە و گوتی: "لە هەندێک مزگەوتدا دەنگی بڵندگۆکان زۆر بەرزکراوەتەوە و ئەو نوێژخوێنانەی لەنێو مزگەوتەکانیشن سکاڵایان گەیاندووەتە ئێمە و گوتوویانە گوێمان ئازار دەدات."
جێگری بەڕێوەبەری ئەوقافی دهۆک، ئاماژەی بە نزیکیی مزگەوتەکان لە سەنتەری شاری دهۆک کرد و گوتی: "بۆ نموونە، لە گەڕەکی رازی لە سەنتەری شاری دهۆک، مزگەوتی قازی محەممەد و مزگەوتی رووناهی هەن کە دووریی نێوانیان تەنیا 245 مەترە. ئەمەش دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی دەنگەکان و بێزاربوونی نوێژخوێنان."
کۆڤلی، گوتیشی، لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە پێکهێنراوە؛ ئەو مزگەوتانەی دەنگیان گونجاوە وەک خۆیان دەمێننەوە، بەڵام ئەوانەی دەنگیان زۆر بەرزە یان نزمە، دەستکاری دەکرێن بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک دروست ببێت.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پارێزگای دهۆک، کە لە 14ـی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی سکاڵای هاووڵاتییان و رێکخستنەوەی بڵندگۆی مزگەوتەکان، چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد، لەوانە کەمکردنەوەی دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان لە ناوەوە و دەرەوەی مزگەوتەکان.
بڕیارەکە پارێزگای دهۆک و ئەو شەش قەزایەی دەکەونە سنووری پارێزگاکەوە لە خۆ دەگرێت.
لە پارێزگای دهۆکدا 1160 مزگەوت هەن کە بانگیان تێدا دەدرێت.
.jpg&w=3840&q=75)