رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە دەشتی کۆیە لە نزیک گوندی قازبەگیان روویدا. گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە دەڵێت، سێ مردن و دوو بریندار هەن.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە نێوان دوو تانکەر و تراکتۆرێکدا روویداوە، بەهۆیەوە ئاگر لە تانکەرەکان بەربوو.
موقەدەم سەنگەر سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری هاتووچۆی کۆیە بە رووداوی گوت: "تیممان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەی یاسایی دەکەن".
هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شۆفێری هەردوو تانکەرەکە بە سووتان گیانیان لەدەستداوە، سێ کەس لەسەر تراکتۆرێک بوون کە باوکێک و دوو کچی بوون، یەکێک لە کچەکان تەمەنی 10 ساڵە گیانی لەدەستداوە و باوک و کچەکەی دیکە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە".
بەرگریی شارستانیی کۆیە لە راگەیێندراوێکدا مردنی سێ کەسەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە"
بە گوێرەی دادپزیشکیی هەولێر بۆ رووداو، ناوی قوربانییەکان بەمشێوەیەیە:
- شیراز سابیر خزر، لەدایکبووی 2018، خەڵکی گوندی قازبەگیان لە سنووری کۆیە
- ئومێد رەحمان حەسەن، لەدایکبووی 1994 خەڵکی حاجیاوا لە ئیدارەی راپەڕین
- بەڕێز حەسەن باپیر، لەدایکبووی 1998، خەڵکی گەڕەکی مامزاوا لە هەولێر
