رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ مانگ لە قەدەخەکردن، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سبەیەوە راوکردنی ماسی ئاسایی دەبێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە کە ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی حوزەیران بڵاوکراوەتەوە: "بڕیاردرا بە هەڵگرتنی بڕیاری قەدەخەی راوکردن و ئاساییبوونەوەی وەرزی راوکردنی ماسی".
بەگوێرەی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە سێ مانگی قەدەخەکردنی راوی ماسیدا، 136 کەسیان بە تۆمەتی راوکردنی نایاسایی دەستگیر کردووە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاودا هاتووە: "راوکردن بە کارەبا، مادە ژەهراوییەکان، مادەی تەقەمەنی و تۆڕی کون و ورد کە ببێتە مایەی لە نێوبردنی به کۆمەڵی زیندەوەرەکانی ئاو، لە هەموو کاتێکدا قەدەخەیە".
سزای راوکردنی ماسی لەکاتی قەدەخەی راوکردندا جیاوازە و بەگوێرەی ئەو کەرەستەیەی راوەکەی پێکراوە سزاکان لەلایەن دادوەرەوە دیاری دەکرێن.
ساڵانە لە 15ی ئادارەوە تاوەکو 15ی حوزەیران، کە کاتی دانانی گەرای ماسییە، راوکردنی ماسی لە دەریاچە، بەنداو، چەم و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت.
