رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نووسراوێک کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گشتاندنێکی "بەپەلە"ی بۆ هەموو وەزارەت و دامەزراوەکان کردووە، تاوەکو بە وردی و بە شەفافی داهات و خەرجییەکانیان بنێرن.
سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران هەفتەی رابردوو گشتاندنەکەی کردووە و تێیدا هاتووە: "بەپێی بڕیاری دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە 10-06-2026 و بۆ جێبەجێکردنی ئەو راسپاردە و بڕیارانەی لەو کۆبوونەوەیەدا دەرچوون، هەروەها بە مەبەستی ئامادەسازی و سازدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی رێکار، سیاسەت و هەنگاوە پێویستەکان بۆ رێکخستنەوە و باشترکردنی بەڕێوەبردنی داهات و خەرجییەکان، تکایە هەریەک لە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان یاداشتێکی ورد، تەواو و پشتبەستوو بە زانیاری و ئامارە نوێکان ئامادە بکەن و لە رێگەی فەرمییەوە بۆ سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران بنێرن."
داواکارییەکانی نێو گشتاندنەکە
بەپێی نووسراوەکە کە وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە، پێویستە یاداشتەکە بەپێی تایبەتمەندی هەر وەزارەتێک بێ و ئەم بابەتانە بە وردی لەخۆ بگرێ:
- داهاتەکانی وەزارەت و سەرچاوەکانیان، لەگەڵ رێژەی وەرگیراوی هەریەک لەوانە.
- خەرجییەکانی وەزارەت و دابەشبوونیان بەپێی جۆر و بوارە جیاوازەکان.
- ژمارە و پێکهاتەی فەرمانبەران و میلاکە پەسندکراوەکان.
- کۆی تێچووی مووچە، نەسریە و خەرجییە بەردەوامەکان.
- خەرجییەکانی پڕۆژەکان، ئاستی جێبەجێکردن و دۆخی ئێستایان و پۆلێنکردن و ریزبەندی پڕۆژەکان بەپێی گرنگی، کاریگەری و ئاستی پێویستی.
- داهات و خەرجییە ناوەندی و ناوچەییەکان و ئاستی هاوتەریببوونیان لەگەڵ پلانە دارایییەکان و بڕگەکانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 292.
- هەڵسەنگاندنی کێشە و بەربەستە سەرەکییەکان کە کاریگەرییان لەسەر داهات و خەرجییەکان هەیە.
- دەرفەتەکانی زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان.
- ئاستی بەکارهێنانی سیستمە ئەلیکترۆنی و چاکسازییە کارگێڕییەکان لە بەڕێوەبردنی دارایی.
- مەترسییە دارایییە چاوەڕوانکراوەکان و رێکارە پێشنیازکراوەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان.
سکرتاریەتی ئەنجوومەن باسی لەوەکردووە کە پێویستە یاداشتەکان لەگەڵ هەڵسەنگاندن و تێبینییە گشتییەکان سەبارەت بە دۆخی دارایی گشتی هەرێمی کوردستان و رێکارە پێشنیازکراوەکان بۆ چاکسازی، بەهێزکردنی بنەماکانی بەڕێوەبردنی دارایی و بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەت و کارگێڕی پێشکەش بکرێن و تاوەکو کۆتایی دەوامی رۆژی چوارشەممە 17-06-2026 تێپەڕ نەکات.
ئەو وەزارەتانەی راپۆرتەکەیان رەوانە کردووە
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە رووداوی گوت، "15ـی ئەم مانگە، واتە رۆژی دووشەممە راپۆرتەکەمان نارد کە لەسەر داهات و خەرجی ساڵانە بوو. پێشتریش راپۆرتێکی دیکەمان لەسەر میلاک و گرێبەست ناردبوو."
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بەپەلە لە ئەنجوومەن داوامان لێکرا خەرجی و داهاتی وەزارەت دیاری بکەین. ئێمە رۆژی دووشەممە واتە 15ی مانگ ناردمان."
نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "15ی ئەم مانگە راپۆرتەکەمان تەواو کرد و ناردمان بۆ سکرتاریەتی ئەنجوومەن."
هەروەها بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی پێشمەرگەش راپۆرتەکەی ئامادە کردووە و ناردوویەتی.
ئەو وەزارەتانەی ئەمڕۆ چوارشەممە راپۆرتەکە رەوانە دەکەن
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو کارەکانی تەواو بووە. ئەمڕۆ راپۆرتەکە دەنێرین بۆ سکرتاریەتی ئەنجوومەن."
هەڵمەت عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پلاندانان بە رووداوی گوت، "هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و ئەمڕۆ دەیدەینە وەزیر، ئەویش تێبینی خۆی لەسەر دەدات و دەیداتە سکرتاریەتی ئەنجوومەن کە داهات و خەرجی وەزارەتی تێدا ئاماژە پێکراوە."
د. مەعاف عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان وەزارەتی تەندروستی بە رووداوی گوت، "راپۆرتەکەمان ئامادەمان کردووە و ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکردنی دەوام بۆ سکرتاریەتی ئەنجوومەنی دەینێرین."
ئیبراهیم رەحم، بەڕێوەبەری ژمێرکاری وەزارەتی کارەبا بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو درەنگانی دوێنێ ئێوارە کارمان لەسەری کردووە، ئەمڕۆ کارەکە تەواو دەبێت و لەگەڵ دەستپێکردنی دەوام دەینێرین."
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رووداوی گوت، "ئامادەمان کردووە، لای وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە و ئەمڕۆ دەینێرێ."
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوە داواکرابوو کە خەرجی و داهاتی ساڵانەی وەزارەتەکان دیاری بکرێ. پێم وایە ئەم هەنگاوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتە لە رێگەی وەزارەتەکان. کەرتی کشتوکاڵیش کەرتێکی هەستیارە و هەموو کات پێویستی بە خەرجیە. ئەو راپۆرتەمان ئامادەکردووە و ئەمڕۆ دەینێرین."
پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە رووداوی گوت: "ئامادەمان کردووە و ئەمڕۆ دەینێرین."
دەشتی سالار، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە رووداوی گوت، "ئامادەیە و ئەمڕۆ دەنێرین."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی داراییش ئەمڕۆ ئامادەی دەکات.
داهاتی هەرێمی کوردستان "لە خراپترین دۆخیدایە"
ئەم هەنگاوەی حکومەت لە کاتێکدایە، داهاتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. 2-6-2026، ئاوات شێخ جەناب، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو گوتی، "داهاتی ئێمە لە خراپترین دۆخیدایە." بۆ نموونە، داهات لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا 150 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا پێشتر دەگەیشتە 350 ملیار دینار.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان بە رووداوی راگەیاند، داهاتی گومرگ بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیوە و گوتی: "لەگەڵ ئەوەی سەرجەم دەروازەكان بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی كراونەتەوە، بەڵام داهاتی گومرگەکان 50% بۆ 60% كەمی كردووە."
هەروەها 10-06-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، داهاتی عێراق بە شێوەیەکی گشتی کەمی کردووە، ''چونکە هەناردەکردنی نەوت بەهۆی شەڕ و کێشەکانی ناوچەکە دابەزیوە."
