رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سێ بڕگەی سەرەکی تاوتوێ دەکرێن.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، لە بڕگەی یەکەمدا بابەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەم ساڵ لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێ. لەم بڕگەیەدا باس لە پلانە ساڵانەییەکان، گرفتەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێ.
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە بڕیاردان لەسەر خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم بڕگەیە ئەو ئەندامانە دەگرێتەوە کە مەرجە یاسایییەکانی تەمەن و ساڵانی خزمەتی خانەنشینییان تێدایە و بابەتەکە دەخرێتەڕوو.
لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی راگرتنی سوودمەندیی ئەو کەسانە دەکات کە داهاتیان بەرزە لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکیی ناوەندی.
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵییەوە لە چوارچێوەی خەرجییە حاکمەکان پارەی بۆ تەرخان دەکرێ و حکومەت دەیەوێ تەنیا بۆ ئەو کەسانە بێت کە داهاتیان سنووردارە.
