رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو دەنگۆیانە پێکدەهێنێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر مامۆستایەکی ئایینی بڵاوبوونەتەوە. گوتەبێژی زانکۆکە دەڵێ، "لێکۆڵینەوەکە بە شەفافی و لەژێر چاودێریی داواکاری گشتیدا دەبێت."
ئەمڕۆ هەینی 19-06-2026، د. یۆهان عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە رووداوی گوت، "سەرۆکایەتیی زانکۆ لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو بابەتە پێکهێناوە کە دەدرێتە پاڵ د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک لەسەری."
بە گوتەی د. یۆهان عوسمان، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و ئەکادیمی، جەخت لە پاراستنی پرەنسیپەکانی یاسا و شەفافییەت دەکاتەوە لە بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یان کەیسێک کە پەیوەندی بە مامۆستایان یان فەرمانبەرانی زانکۆوە هەبێت.
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و بەپێی رێکارە یاسایی و کارگێڕییە بەرکارەکان، رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر و رۆژی پێنج شەممە 2026/6/18 لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە."
د. یۆهان عوسمان گوتی، "ئەم لیژنەیە بە چاودێریی داواکاری گشتی کارەکانی خۆی دەکات. لەم سۆنگەیەوە، زانکۆی سلێمانی بەوردی بە دوای دەرخستنی راستییەکاندا دەچێت و پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکە تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بەردەوام دەبێت."
زانکۆکە دووپاتی کردووەتەوە کە ئەگەر مامۆستاکە کەمتەرخەمی هەبێ، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێ. هاوکات ئەنجامی کارەکانی ئەم لیژنە هەرچییەک بێت، بەشێوازێکی شەفاف بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ د. عەبدوللەتیف ئەحمەد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و گوتی، "ئەو تۆمەتانەی ئاراستەم دەکرێن هەڵبەستراون و ناڕاستن. هیچ بنەمایەکی شەرعی و یاساییان نییە. ئەم چەواشەکارییانە کاریگەرییان لەسەر پەیامی ئێمە نابێت و ئەوانەی پیلانگێڕی دەکەن با چاوەڕێی تۆڵەی خوا بن."
پێکهێنانی ئەم لیژنەیە لە کاتێکدایە، هەندێک دەنگ و تێکست لەنێوان کچێک و پیاوێک بڵاوبوونەتەوە کە گوایە دەنگ و نووسینی پیاوەکە بۆ عەبدوللەتیف سەلەفی دەگەڕێنەوە.
