رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی دیکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ئاودا خنکا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سنوورەکە دەڵێت، تەرمەکەیان دەرهێناوە.
ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەنجەکە بۆ راوەماسی چووەتە چەمی باسەڕە لە دێلێژە لە سنووری بازیان و لەوێ خنکاوە".
گەنجەکە ناوی (بەڵێن کامیل یاسین)ـە و تەمەنی 21 ساڵە، دانیشتووی سنووری قەزای بازیانە. گوتەبێژی بەرگری شارستانی گوتی: "پاش رووداوەکە بە ماوەیەکی کەم تەرمەکەی دەرهێندراوە".
لە ماوەی 10 رۆژدا، هەشت کەس لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون، تەرمی حەوتیان دۆزراوەتەوە و تەرمی گەنجێک نەدۆزراوەتەوە، کە 17ـی حوزەیران لە رووباری سیروان لە سنووری قەزای کەلاردا خنکا.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم وەرزەی گەرمادا لە هەرێمی کوردستان لانیکەم 32 کەس لە ئاودا خنکاون.
