رووداو دیجیتاڵ
لە نێو نەخۆشخانەیەکی شاری دهۆک گەنجێک کوژرا. پۆلیس دەڵێت، تۆمەتباری بکوژ مامی کوژراوەکەیە و رووداوەکەش بەهۆی کێشەیکی کۆمەڵایەتی بووە.
موقەدەم هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەنجەکە لەگەڵ مامیدا رۆژی چوارشەممە چووەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن بەهۆی شکانی قاچییەوە، دوای مانەوەی 24 کاژێر لە نەخۆشخانە لەلایەن مامییەوە کوژراوە".
گەنجەکە تەمەنی 22 ساڵە و شەوی رابردوو لەنێو نەخۆشخانە کوژراوە، دوای رووداوەکە تۆمەتبارەکە هەڵاتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گەنجە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە هەڵاتووە و قاچی شکاوە. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: "کوشتنەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە".
هێمن سلێمان گوتی: "پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ دۆسیەکە کردووەتەوە، بۆ ئەوەی هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە بزانین".
پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بەگوێرەی مادەی 406 فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ مامی گەنجە کوژراوەکە دەرکردووە.