رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی کەشناسی دەڵێ، سبەی یەکەم رۆژی هاوین لە باکووری گۆی زەوی دەستپێدەکات، کە باشووری کوردستانی لەنێودایە و دەبێتە درێژترین رۆژی ساڵ.
سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی کاژێر 11:24 خولەکی بەیانی، وەرزی هاوین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات."
سالار حاجی عەلی گوتی، "سبەی خۆر راستەوخۆ لەسەر هێڵی گەورەی باکووری زەوی دەبێ و بەو جۆرەش ئەو رۆژە دەبێتە درێژترین رۆژی ساڵ."
سبەی رۆژ لە باشووری کوردستان و عێراق دەگاتە 14 کاژێر و هەشت خولەک. بەیانیی کاژێر 04:46 خۆر هەڵدێ و لە 18:55 خولەک ئاوا دەبێ.
لە 22ی حوزەیرانەوە رۆژ کورت دەبێتەوە تاوەکو 23ـی ئەیلوول. سالار حاجی عەلی دەڵێ، ئەم ساڵ وەرزی هاوین 23ـی ئەیلوول کاژێر 03:05ـی بەیانی بەکاتی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێ و هەمان کات وەرزی پاییز دەستپێدەکات.
ماوەی هاوین لەم ساڵدا 93 رۆژ و 15 کاژێرە و بە درێژترین وەرزی ساڵ دادەنرێ.
ئەو شارەزایەی کەشناسی پێشبینی دەکات کە "لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا پلەی گەرما زۆر بەرز ببێتەوە و لە بەشێکی ناوچەکان وەک کەرکووک و گەرمیان 48 پلەی سیلیزی تێپەڕێنێ".
پێش دەستپێکردنی هاوین، پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەرزبووەتەوە. بەگوێرەی کەشناسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پلەی گەرما لە کەرکووک دەگاتە 45 پلەی سیلیزی و لە هەولێر 44 پلەی سیلیزی دەبێت؛ لە سلێمانی پلەی گەرما 42 پلە، دهۆک 41 پلە و لە هەڵەبجە 42 پلەی سیلیزی دەبێت.
