رووداو دیجیتاڵ
لە چەند شوێنێکی شاری هەولێر ئاودانی داری نێوەندی شەقامەکان راگیراوە. بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان دەڵێ، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاودان دەستپێدەکەنەوە.
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان راگەیاند، "بەشێکی داری نێوان شەقامەکان چەند رۆژێکە ئاونەدراون و مەترسی وشکبوونیان لەسەرە، بەتایبەت رێگەی بنەسڵاوە. داواکارین لایەنی پەیوەندیدار بەدەم کێشەکەوە بێت."
ئەندازیار رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاودانی داری نێوان شەقامەکان ساڵانە لە رێگەی تەندرینەوە دەدرێتە کۆمپانیایەک و بە تانکەر ئاو دەدرێن. ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی تەواونەکراون؛ بۆیە ئاودان دواکەوتووە."
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر گوتی، "لە 10 رۆژی دیکەدا ئاودانی هەموو دارەکان دەستپێدەکاتەوە، رێگە نادەین وشک ببن و لەکاتی پێویستدا هەموویان ئاو دەدرێن."
سەروەر وەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنوورەکەمان بەگشتی 672 پارک، باخچەی بچووک، دار و سیاج، پشتێنەی سەوزایی، دارستان و دوورگەی ناوەندی هەن."
بەگوێرەی ئاماری ئەندازەی پارکەکان، لەو ژمارەیە 29 پارکی گەورە، 211 باخچەی بچووک، 161 دوورگەی ناوەندیی سەوزکراو هەن.
