رووداو دیجیتاڵ
بڵاوکردنەوەی چەند دەنگێک کە دەگوترێ دەنگی (عەبدولـلەتیف
ئەحمەد) ناسراو بە عەبدولـلەتیف سەلەفی،
مامۆستای زانکۆی سلێمانی و مامۆستای ئاینییە، کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە. مامۆستا
ئایینیەکە تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە و دەڵێت دروستکراوە. ئەو کەسەیشی دەنگەکانی بڵاوکردووەتەوە
دەڵێ، ئامادەیە راستەوخۆ لە شاشەی رووداوەوە لەگەڵ مامۆستاکەدا "موباهەلە"
بکات.
بەگوێرەی ئەوەی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد جیا لەوەی
مامۆستای زانکۆیە، بە رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان دەناسرێ، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگەکانیدا
کاردانەوەی لە تەواوی باشووری کوردستان لێکەوتووەتەوە. زانکۆی سلێمانی دەڵێ، لیژنەی
لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە.
دەنگەکان لەلایەن گەنجێکەوە بڵاوکراونەتەوە لە
دەرەوەی وڵات دەژی و ناسناوی (یاخی) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. ئەو گەنجە ئەمڕۆ
شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەست بە قورئانی پیرۆزدا دەنێم کە ئەو
زانیارییانەی بڵاوم کردوونەتەوە، بە تەواوی راستن و دڵنیام لە راستییەکەیان".
یاخی: عەبدولـلەتیف چوار کچی خەڵەتاندووە
بیلال مەحموود کە بە (یاخی) ناسراوە لە قسەکانیدا
تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد کە "چوار کچی لە کۆلێژی زانستە
ئیسلامییەکان (شەریعە) کە خوێندکاری خۆین، خەڵەتاندووە و گێچەڵی سێکسیی پێکردوون".
ئەو دەنگانەی بڵاوکراونەتەوە تەنیا دەنگی پیاوە.
یاخی دەڵێ: "بە چەند کاژێر مۆنتاژم کردووە بۆ ئەوەی دەنگی ئافرەتەکان بڵاونەبێتەوە.
ئەوان متمانەیان بە من کردووە و ناکرێ رێگە بدەم بناسرێنەوە لەبەر دۆخی کۆمەڵایەتی".
د.عەبدولـلەتیف: تۆمەتەکان ناڕاستن
عەبدولـلەتیف ئەحمەد قسەی خۆی لەسەر تۆمەتەکان
کردووە و دەڵێت: "ئەو تۆمەتانەی ئاراستەم دەکرێن، هەڵبەستراون و ناڕاستن".
ئەو مامۆستا ئاینییە لە فەیسبووکەکەی خۆی نووسیویەتی:
"ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکی شەرعی و یاساییان نییە. ئەم چەواشەکارییانە کاریگەرییان
لەسەر پەیامی ئێمە نابێت و ئەوانەی پیلانگێڕی دەکەن با چاوەڕێی تۆڵەی خوا بن".
یاخی: بەڵگەم هەیە بۆ هەموو قسەکانم
بیلال مەحموود دەڵێ: "عەبدولـلەتیف راست
ناکات. من دەیان بەڵگەم هەیە و لەبری کچێک چوار کچی هەڵخەڵەتاندووە کە خۆیان قسە دەکەن،
جگە لەوانەی لەبەر کۆمەڵگە و شەرمی خۆیان تاوەکو ئێستا نەیانوێراوە قسە بکەن".
لەبارەی سەرچاوەی بەڵگەکانەوە، یاخی بە رووداوی
گوت: "سەرەتا یەکێک لە کچەکان زانیارییەکانی بۆ ناردم، دواتر کە بینیم و بەدوایدا
چوون، بۆم دەرکەوت سێ کچی دیکە هەمان گێچەڵیان پێکراوە لەلایەن عەبدولـلەتیفەوە".
یاخی گوتی: "سێ جار تەحەدای عەبدولـلەتیفم
کردووە کە پێکەوە قسە موباهەلە بکەین، بەڵام ئەو ئامادە نییە. ئێستاش دەیڵێمەوە
ئامادەم لە کەناڵی رووداوەوە موباهەلەی لەگەڵ بکەم، بەڵام دڵنیابن ئەو ناوێرێ".
موباهەلە بنەمای شەرعی لە ئایەتێکی قورئانی پیرۆز
وەرگرتووە، واتە ئەوەی دوو لایەن لە بابەتێکی ئایینی یان باوەڕی جیاوازدا ناکۆکن و
دوای ئەوەی بەڵگە و گفتوگۆ چارەسەری کێشەکە نەکات، هەردوو لایەن داوای کۆبوونەوەیەکی
ئاشکرا دەکەن بە ئامادەبوونی خەڵک. ھەر یەکەی رژدە لەسەر ئەوەی راست دەکات، داوا لە
خودا دەکەن کە نەفرەت یان سزای خۆی بەسەر ئەو کەسەدا ببارێنێت کە درۆ دەکات.
یاخی دەڵێت: "من بەڵگەم هەیە و سوێندم
خواردووە. عەبدولـلەتیف کە دەڵێ وانییە و دەنگەکە بە ژیری دەستکرد دروستکراوە، هیچ
رێگەیەکی دیکە نامێنێتەوە، موباهەلە نەبێت".
بیلال مەحموود ئاماژە بەوە دەکات د. عەبدولـلەتیف
ئەحمەد قسەی لەگەڵ کچەکان کردووە و دەڵێت: "خوێندکاری خۆین. هەر کچێک جوان
بووە لە کۆلێژەکەی وانەکانی پێ نەداوە و گوتوویەتی بە وەتس ئەپ بۆت دەنێرم، دواتر
کە بۆی ناردووە هەر کچێک رووی خۆشبووە لەگەڵیدا ئەو بە چاوێکی دیکە سەیری کردووە و
بۆ مەبەستی خراپ پەیوەندی لەگەڵ دروستکردووە".
یاخی دەڵێ، سێ وێنەی زۆر نەشیاو لەلایەن د. عەبدولـلەتیفەوە
بۆ کچەکان نێردراوە و دەڵێ: "کچەکانی خەڵەتاندووە و بردوونی بۆ نێو ئۆتۆمبێل
و باخی خۆی؛ هەروەها لە ژووری راگری کۆلێژەکەیدا هەراسانی کردوون".
بیلال مەحموود دەڵێ: "خزمایەتیمان نییە، بەخوا
هیچ کێشەی کەسییم لەگەڵی نییە. پێش بڵاوکردنەوەی دەنگ و بەڵگەکان نامەم بۆ نارد قسەی
لەگەڵ بکەم، بەڵام ئایەتێکی بۆ ناردم و بلۆکی کردم، قسەی لەگەڵ بکردایە، رەنگە ئەو
هەموو بەڵگە زۆرەم بڵاونەکردایەتەوە".
زانکۆی سلێمانی: لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوە
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگەکان و دروستبوونی
کاردانەوەی زۆر، 18ـی حوزەیران زانکۆی سلێمانی رایگەیاند: "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە
پێکهێندراوە".
د. یۆهان عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی
بە رووداوی گوت: "سەرۆکایەتیی زانکۆ لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو بابەتە
پێکهێناوە کە دەدرێتە پاڵ د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان،
ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک لەسەری".
بە گوتەی د. یۆهان عوسمان، سەرۆکایەتیی زانکۆی
سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و ئەکادیمی، جەخت لە پاراستنی پرەنسیپەکانی یاسا
و شەفافییەت دەکاتەوە لە بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یان کەیسێک کە پەیوەندی بە مامۆستایان
یان فەرمانبەرانی زانکۆوە هەبێت.
لیژنە بە چاودێری داواکاری گشتیی کارەکانی دەکات.
د. یۆهان عوسمان گوتی، "لیژنەی زانکۆی سلێمانی بەوردی بە دوای دەرخستنی راستییەکاندا
دەچێت و پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکە تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بەردەوام دەبێت."
زانکۆکە دووپاتی کردووەتەوە کە ئەگەر مامۆستاکە
کەمتەرخەمی هەبێ، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێ. هاوکات ئەنجامی کارەکانی ئەم
لیژنە هەرچییەک بێت، بەشێوازێکی شەفاف بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.
خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان: ئەوەی
باس دەکرێ خۆمان بینیومانە
لە راگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکیان بۆ رووداو
ناردووە، ژمارەیەک لە خوێندکارانی کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی
رایانگەیاند: "ئەو شتانەی باس دەکرێ، زۆرینەی ئێمەی خوێندکار کەمتر یان زیاترمان
بە چاوی خۆمان بینیوە. جیاوازی نێوان خوێندکارە کوڕەکان و کچەکانمان بە چاوی خۆمان
بینیوە".
خوێندکارەکان دەڵێن: "ئەم کۆلێژە کە فێری
زانستی پیرۆزمان دەکەن، چیرۆکی زۆر قێزەونی تێدا روویداوە. خوای گەورە ویستی وابووە
لەم کاتەدا ئەم شتانە ئاشکرا ببن. ئێمە لە رێگای ئەم راگەیێندراوەوە دەمانەوێ رای
خۆمان بۆ رای گشتی، وەزارەتی خوێندنی باڵا، زانکۆی سلێمانی و یەکێتی نیشتیمانی
کوردستان بە تایبەت دەربڕین”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە:
"بە هیچ جۆرێک ناتوانین قبووڵی بکەین کەسی ئاماژەپێکراو وەک مامۆستا یان هەر
چییەکی دیکە لە کۆلێژ و زانکۆکەمان بەردەوام بێت و دڵنیا بن لەگەڵ دەستپێکردنەوەی
ساڵی نوێی خوێندن بایکۆتی گشتی و سەرتاسەری رادەگەیێنین و واز لە خوێندن لەو کۆلێژە
دەهێنین، ئەوەش تاوەکو گەورەترین دەنگدانەوە دژی ئەو سووکایەتییە بە دین و زانکۆ و
سلێمانی و کوردستان دەکرێ، دروست دەبێ. هەروەها پێویستە تەواوی لایەنی کەمتەرخەم لێپێچینەوەی
لەگەڵ بکرێت”.
