رووداو دیجیتاڵ
لە سێ رۆژی جەژندا زیاتر لە
هەزار و 100 ئاژەڵ بۆ قوربانی لە شاری هەولێر لە سەربڕخانە سەربڕدراون؛ لە سلێمانی
680 ئاژەڵ و لە هەڵەبجە نزیکەی 550 ئاژەڵ سەربڕدراون. کەمترین قوربانیش لە
سەربڕخانەی کەرکووک بووە و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێ، ئەمڕۆ سەربڕخانەیان داخستووە.
بەگوێرەی ئاماری سەربڕخانەکان بۆ
رووداو، لە سێ رۆژی جەژندا لە شاری هەولێر هەزار و 104 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون؛ لە
پارێزگای هەڵەبجە 543 سەر و لە کەرکووک 200 سەر ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدراون. هەروەها لە
سلێمانی 680 ئاژەڵ بۆ قوربانیی سەربڕدراوە.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری
بەڕێوەبەرایەتیی سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی
گوت، "یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ئەم ساڵ 293 سەر ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدران؛
40ـی گەورە و 253 بچووک. دووەم رۆژ 421 ئاژەڵ کرانە قوربانی کە 65 گەورە و 356
بچووک بوون."
لەبارەی سێیەم رۆژی جەژنیشەوە
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر گوتی، "390 سەر ئاژەڵ
کرانە قوربانی؛ 297 گەورە و 93 بچووک."
هەڵمەت هەمزە ئاماژەی بەوەکرد،
لە سێ رۆژی جەژندا هەزار و 621 کیلۆ گۆشت بەهۆی نەشیاوی رەتکراوەتەوە و
لەنێوبراوە.
دکتۆر شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری
کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سێ
رۆژی جەژندا 598 سەر ئاژەڵی بچووک و 82 سەر ئاژەڵی گەورە بۆ قوربانی
سەربڕدراون".
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی
سلێمانی گوتی: "لە سێ رۆژی جەژندا نزیکەی تۆنێک گۆشت بەهۆی نەشیاوییەوە
لەنێوبراوە".
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دوو
سەربڕخانە هەن؛ یەکێکیان لە خورماڵە و ئەوی دیکە لە شاری هەڵەبجە.
ئەمڕۆ شەممە دکتۆر دڵنیا فارووق،
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەردوو
کوشتارگەکە تاوەکو ئەمڕۆ 543 سەر ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدراون. جگە لەوانە 64
سەریش بۆ گۆشتفرۆش و چێشتخانەکان سەربڕدراون."
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری هەڵەبجە
گوتی، لە هەردوو سەربڕخانەکەی سنوورەکەیان بەهۆی شیاونەبوونەوە هەزار و 200 کیلۆ
گۆشتیان رەتکردووەتەوە.
هەروەها حیکمەت نەعمەت،
بەڕێوەبەری سەربڕخانە کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ کەمترین
قوربانیی لای ئێمە کرا، بە جۆرێک لە سێ رۆژدا تەنیا 200 ئاژەڵمان سەربڕی."
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی کەرکووک
گوتی، "لایەنەکان بڕیاریان دا رێگە نەدرێ لە کۆڵان و ماڵان ئاژەڵی قوربانی
سەرببڕدرێ، بەڵام شکستیان هێنا و هەزاران کەس لە ماڵ و بازاڕەکان بەشێوەیەکی
ناتەندروست ئاژەڵیان بۆ قوربانیی سەربڕی."
حیکمەت نەعمەت ئاماژەی بەوەکرد،
بەهۆی کەمیی سەربڕینەوە، بڕیاریان داوە ئەمڕۆ سەربڕخانە دابخەن و نەیکەنەوە.
