رووداو دیجیتال
پرسی گەڕانەوەی باسم قاسم، راهێنەری عێراقی بۆ یانەی هەولێر بووەتە باسی گەرمی شەقامی وەرزشی. رووداو سپۆرتس نهێنی رێککەوتن و قسە و باسی نێوان یانەی هەولێر و باسم قاسم بڵاودەکاتەوە.
دوای تەواوبوونی دوایین یاریی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر یانەی ئەمانە بەغدا، رۆیشتنی باسم قاسم، راهێنەری یانەکە بووە خەمێکی گەورەی بەرپرسانی یانەکە و هاندەرانیان، ئەوکات بڕیاربوو دانیشتن بکەن و گفتوگۆ لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو راهێنەرە بکەن، بەڵام ئەوکات باسم قاسم داوایکرد بچێتەوە بەغدا پشوو وەربگرێت.
رۆژی 9ـی ئەم مانگە شاندێکی چوار کەسی لە یانەی هەولێر کە پێکهاتبوون لە پشتیوان شەبیب، سەفین کانەبی، ئاسۆ ئەمیر لەگەڵ زوبێر بابان وەک نوێنەری یانەی هەولێر چوونە شاری بەغدا بۆ ئەوەی بتوانن باسم قاسم بهێننەوە یانەی هەولێر و گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.
لەو دانیشتنەدا باسم قاسم، داوایکردووە بڕی پارەی ئەو دوو مانگەی خۆی یاریدەدەرەکانی کە 35 ملیۆنە لای یانەی هەولێرە بیدەنەوە، دواتر لەسەر گرێبەستی نوێ داوای 500 ملیۆن دیناری عێراقی کردووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو راهێنەرە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "باسم قاسم، لە رۆژی دانیشتنەکەوە رازیبووە کە گرێبەستەکەی واژۆ بکات بەبڕی 500 ملیۆن، دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر پێیانگووتووە دوو رۆژی دیکە وەڵامت دەدەینەوە و تەنانەت بڕیاربووە گرێبەستەکە بە ئەلیکترۆنی بۆی بنێرن بۆ ئەوەی واژۆی بکات، بەڵام تاوەکو دوێنێ شەو کە هەینی هەر وەستا هیچ وەڵامیان نەبوو، ئێستا ئەو راهێنەرە تاوەکو ئەمشەو چاوەڕێ دەکات و دوایین وادەیە بۆ یانەی هەولێر".
هەریەک لە یانەکانی زەورا، دهۆک و جەوییە بە هەموو توانایەک لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکەیان ببەخشنە باسم قاسم، بەڵام راهێنەرەکە هیچ گرێبەستێکی فەرمی واژۆ نەکردووە.
لەبارەی داهاتووی ئەو راهێنەرەوە، ئەو سەرچاوەیە زیاتر روونیکردەوە "بەهیچ شێوەیەک باسم قاسم، گرێبەستی لەگەڵ هیچ یانەیەک واژۆ نەکردووە و وەک رێزێک لە ناوی گەورەی شاری هەولێر دوای تەواوبوونی دوو رۆژ لەو وادەیەی کە دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بۆیان دانابوو لەسەریان وەستاوە، بەڵام ئەگەر ئەوان پابەند نەبن، ئەوا ئەویش بیر لە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەیەکی دیکە دەکاتەوە ".
باسم قاسم، کە بە جەنەرال ناسراوە، وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی هەولێر توانی پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بباتەوە.
