رووداو دیجیتاڵ
جیرارد پیکێ، بەرگریکاری پێشووی یانەی بارسێلۆنا، لە لێدوانێکی نوێدا گاڵتە بەگەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ مەشقدانی ریال مەدرید و گرێبەستکردنی ئەو یانەیە لەگەڵ کوکورێیای بەرگریکەری ئیسپانی دەکات.
پیکێ کە بەشداریی لە چالاکییەکدا کردووە لە مەدرید، باسی لە گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ مەشقدانی ریال مەدرید کردووە و دەڵێ، ئەو ئیدی باسی تۆپی پێ ناکات.
ریال مەدرید، هەفتەی پێشوو گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆی بۆ مەشقدانی یانەکە راگەیاند، جیا لەوەش گرێبەستکردنی لەگەڵ مارک کوکورێیا، بێرناردۆ سێلڤا و ئەمڕۆش گرێبەستکردنی لەگەڵ براهیما کۆناتێ راگەیاند.
پیکێ لەبارەی گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید دەڵێ، "ئەو راهێنەرێکی نموونەییە بۆ خۆنمایشکردن و وازهێنان لە باسکردنی تۆپی پێ".
ئەو زیاتر گوتوویەتی، هیواخوازبووم ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە مەشقدانی ریال مەدرید بەردەوام بێت، "تاوەکو یانەکە بەردەوام بێت لە تەماشاکردنی نازناوەکانی چامپیۆنزلیگ لە نێو رەفەکانی یانەکەدا".
یاریزانەکەی پێشووی بارسا هەروەها دەڵی، "بەدرێژایی وەرزەکە، هیوای سەرکەوتنم بۆ خواست، لەوەدا کە نازناو نەباتەوە".
لەبارەی چوونی کوکورێیا بۆ یانەی ریال مەدرید، پیکێ رەتیدەکاتەوە رەخنەی لە گواستنەوەکە گرتبێت، دەڵێ، "رەخنەم لەو یاریزانە نەگرتووە، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، ئەو یاریزانێکی باشە، ئەگەرچی چووەتە ریال مەدرید. ویستی کەسیی من بۆ سەرکەوتنی ئەو، پەیوەندی بەوەوە نییە کە هیواخوازبم نازناو نەباتەوە".
پیکێ هەروەها دووپاتیدەکاتەوە کە بایەخ بەوە نادات لە کاتی مۆندیالدا ریال مەدرید گرێبەستەکەی کوکورێیای راگەیاندووە و وەک میدیاکان دەڵێن، ئەوە سەقامگیریی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەشێوێنێت.
