رووداو دیجیتال
یانەی سلێمانی دوای ئەوەی گۆڕانکاری لە سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی کرد، ئێستا پلانی دروستکردنی ژێرخانێکی وەرزشیی گەورە و دروستکردنی ژمارەیەک ئەستێرەی نوێی هەیە، بەهیوای گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
کاتێک ناوی یانەی سلێمانی دێت لە پایتەختی رۆشنبیری وەرزشڤانان و هاندەران یانەی دایک و سەروەرییەکانی لە خزمەتی وەرزشڤانان لە یاریگەی گەڕەکی چوارباغ دێتەوە خەیاڵیان، کاتێک شوێنی هەزاران هاندەر و لەدایکبوونی دەیان ئەستێرەی تۆپی پێ بوو.
دوای ئەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پۆستی سەرۆکایەتی یانەی سلێمانی وەرگرت، پلانەکان بۆ زیندووکردنەوەی یانەکە و تایبەت تیپی تۆپی پێی یانەکە داندراوە و هەمووان لە یانەکە دەیانەوێت تیپەکەیان ناوێک بێت لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و قەرەبووی کشانەوەی چەند ساڵی رابردوو بکەنەوە.
ئێستا تیپەکانی تۆپی سەرمێز و مەلەوانی و تۆپی دەست، بالەی کچان و چەندین یاریی دیکەی یانەی سلێمانی لە پێشەنگی عێراقن، بەڵام تیپی تۆپی پێی یانەکە لە خولی پلەدووی عێراقە، بەڵام پلانێکی ستراتیجی گەورە و فراوان بۆ دانانی ژێرخان و دروستکردنی دەیان ئەستێرەی گەورە بەسەرپەرشتی شارەزایانی ئەورووپی و جیهانی بۆ یانەکە داندراوە.
ئەو پڕۆژەیەی بۆ یانەی سلێمانی داندراوە لەژێر دروشمی دەستپێشخەری درێژخایەنی پەرەپێدانی وەرزشی یانەکەیە و لە لایەن چەند گەورە بازرگانێکی کورد پاڵپشتی و سپۆنسەرکراوە، ئامانج لێی گۆڕینی یانەکەیە بۆ یەکێک لە باشترین یانەکان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە، لە یەکێک لە خاڵەکان مانگانە 500 هەزار دۆلار گرێبەست و مووچەی یاریزانان و راهێنەران، پەرەپێدان بە کارکردنی کارگێڕی و تەکنیکی کارییان لە کارامەیی، بایەخدان بە ئەکادیمیای پێگەیاندنی دەیان یاریزانی بچووک و بەهرەمەند.
بەشێکی دیکەی کارەکان دابینکردنی ژێرخانێکی گەورەی یاریگە و هۆڵ و شوێنی راهێنانی مۆدێرن و نێودەوڵەتی، شوێنی تایبەت بە هۆڵی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی، کەمپی راهێنان بۆ تیپەکان لە وڵاتانی تورکیا و ئیمارات لەگەڵ ئیسپانیا، گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانە هەرە باشەکانی کوردستان و عێراق و جیهانی کە ساڵانە بڕی 5 ملیۆن دۆلاری دەوێت.
سلێمانی دەبێتە یانەیەکی پڕۆفشناڵ هاوشێوەی کارکردنی یانە ئەورووپییەکان لەبەرئەوەی لەو پلانەدا راوێژکار و کەسانی گەورەی ئەورووپی و جیهانی هەواهەنگ و کار لەگەڵ یانەکە دەکەن، دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی گەورەی تۆپی پێ لە تەمەنی 9 تاوەکو 21 ساڵ بەسەرپەرشتی هەریەک لە گەورە ئەستێرەکانی ئیسپانی مێشێل سەلگادۆ و ئیکەر کاسیاس لەگەڵ فێردیناد کارێکی سەرەکییە، هاوشانی ئەو ئەکادیمیایە بایەخێکی زۆر بە پێگەیاندنی تۆپی پێی خانمان دەدرێت.
سەرچاوەیەک لەنێو ئەو لیژنەیەی کە پلانەکەیان بۆ یانەی سلێمانی داڕشتووە لە لێدوانێکی تایبەت بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "بێگومان لەگەڵ هەموو کارەکان سەرۆکی یانە زۆر حەزی لێیە کە تۆپی پێی یانەکە و هەموو یارییە وەرزشییەکان بگەنە لووتکە، دەمانەوێت وەرزش و یانەیەکی زۆر پڕۆفیشناڵ لەسەر ئاستی هەموو عێراق ببیندرێت و کارەکانمان ببێتە جێگای خۆشحاڵی و خزمەتی لاوان و وەرزشڤانانی کوردستان و تایبەت شاری سلێمانی، دەمانەوێت یاریگەی سلێمانیش نۆژەن بکەینەوە و یاریگەیەکی تایبەت بە راهێنانیش دروست دەکەین".
جیا لە گەیشتنی یانەی سلێمانی بە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لەو پڕۆژە ستیراتیجیەدا ساڵانە بایەخ بە خول و بۆنەی گەورەی تۆپی پێی نێودەوڵەتی دەدرێت، شارەزایان و ئەستێرە گەورەکان سەردانی سلێمانی دەکەن و سوود لە ئەزموون و تواناکانیان وەردەگیرێت، تیپەکانی دەرەوەش میوانداریی دەکرێن.
