رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری سیتەک لە پارێزگای سلێمانی، ئاگرێک کەوتەوە و لە ئەنجامدا نزیکەی 600 دۆنم پووش، پاوان و داری سرووشتی سووتان. پۆلیسی دارستان دەڵێت، بە هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاونیشتمانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.
رۆژی چوارشەممە 10-6-2026 هێمن عەلی، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: "دوای کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچەکانی بزێنیان و کانی دڕکە لە سنووری سیتەک، هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەک و تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنەکە بۆ رێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە."
بە گوتەی هێمن عەلی، هاونیشتمانییەکی خەمخۆری ناوچەکە رۆڵێکی بەرچاوی لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا هەبووە و لەسەر ئەرکی خۆی 15 کرێکاری بۆ یارمەتیدانی تیمەکان بردووەتە شوێنی رووداوەکە؛ هاوکات ژمارەیەک لە دانیشتووانی دیکەی ناوچەکەش هاوکاری تیمە فەرمییەکان بوون.
پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوە کرد، ئاگرەکە زیانێکی زۆری بە سرووشتی ناوچەکە گەیاندووە و بووەتەهۆی سووتانی نزیکەی 600 دۆنم پووش، پاوان و داری سرووشتی.
لەبارەی هۆکاری ئاگرەکەوە، هێمن عەلی گوتی: "تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نادیارە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە."
