رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر "پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵ لەپێناو پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان." هاوکات مەسرور بارزانی جەختی لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 15-06-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی عێراق و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو کردەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵ لەپێناو پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان."

باڵیۆزی بەریتانیا، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "سەردانی مانگی رابردووی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا بەرز نرخاند و بە سەرکەوتووی ناوبرد بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، "مەسرور بارزانی جەختی لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی گرنگی یاسادانان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان."
