رووداو دیجیتاڵ
لە 20 ساڵدا رێژەى کورد لە دیالە 20% کەمی کردووە، لە یەک ساڵى جێبەجێکرنى مادەى 140 زیاتر لە 800 خێزانى عەرەبی هاوردە لەو پارێزگایەوە گەڕاونەتەوە زێدى پێشووى خۆیان، لە کاتێکدا لە نێوان 1968 بۆ 1977 ساڵانە 204 هاونیشتمانى کورد لەو ناوچانە کەمى کردووە و 597 عەرەب زیادی کردووە.
ئەو ئامارانە لەنێو راپۆرتێکى دەستەى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن، کە لەبارەى دۆخى ناوچە کوردستانیەکانى سنوورى پارێزگاى دیالە ئامادەى کردووە.
کورد لە 20 ساڵدا 20% کەمیکردووە
راپۆرتەکە بەراوردکارى رێژەی کوردی لە پارێزگای دیالە لە نێوان سەرژمێریی 1957 تاوەکو 1977 خستووەتەڕوو. رێژەی کورد لەو پارێزگایە لە ساڵی 1957 گەیشتووەتە 37%، لەکاتێکدا عەرەب 56%، تورکمان 4.3% و پێکهاتەکانی دیکە 2.7% بووە.
رێژەکە لە سەرژمێریی 1977 گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؛ کورد بۆ 10.7% کەم بووەتەوە، بەوپێیە رێژەی کورد لە بیست ساڵدا 20% کەمی کردووە. رێژەی عەرەب گەیشتووەتە 87% کە لەنێوان بیست ساڵدا 31% زیادی کردووە، تورکمان بووە 1.5% و بە رێژەی 2.8% کەمیکردووە، پێکهاتەکانی دیکەش کەم بوونەتەوە بۆ 0.8%.
ئاماری ژمارەی ئەو گوندانەش لە راپۆرتەکەدا هەیە کە بەر لە تێکدانیان لەلایەن دەسەڵاتی پێشووی حیزبی بەعس لە عێراق سەر بە قەزای خانەقین بوون، کە 238 گوند بوون و ژمارەی دانیشتووانیان 53 هەزار و 479 کەس بووە. جگە لە خانەقین، ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی گوڵاڵە، سەعدیە، قۆرەتوو و مەیدانیشی گرتووەتەوە.
بەشێکی دیکەی ئامارەکان تایبەتە بە رێژەی کورد لە قەزای خانەقین و ناحیەکانی گوڵاڵە و سەعدیە، بەگوێرەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 1987.
ئەو ساڵە ژمارەی هاونیشتمانیانی کورد لە خانەقین 17 هەزار و 985 هاونیشتمانی بووە، کە 45.8%ـی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی شارەکەی پێکهێناوە، لەکاتێکدا عەرەب 19 هەزار و 426 کەس بوون و 49.5%ـی دانیشتووانی خانەقین بوون و تورکمانیش هەزار و 835 کەس بوون و 4.7%ی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێناوە.
لە ناحیەی گوڵاڵە، چوار هەزار و 839 هاونیشتمانیی کورد هەبوون کە 12.9%ـی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی ناحیەکە بوون، عەرەب 32 هەزار و 32 کەس بوون کە 85.2%ـی دانیشتووانی بوون و تورکمانیش بە 618 کەس، 1.7%ـی رێژەی دانیشتووانیان پێکهێناوە.
لە ناحیەی سەعدیە ئەو ساڵە 1681 هاونیشتمانیی کورد هەبوون کە 16.8%ـی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بوون، عەرەب بە 21 هەزار و 658 کەس 87.8%ـی ژمارەی دانیشتووانیان پێکهێناوە و تورکمانیش 5.4%ـی شارەکە بوون، کە هەزار و 324 کەس بوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لەنێوان ساڵی 1968 بۆ 1997 رێژەی کەمبوونەوەی ساڵانەی هاونیشتمانییانی کورد لە خانەقین و دەوروبەری 204 کەس بووە، لە بەرامبەر زیادبوونی 597 عەرەب لە ساڵێکدا.
رێژەى دانیشتووان بە گوێرەى سەرژمێرى 2024
راپۆرتەکە ئاماژەی بە رێژەی دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان لە سنووری پارێزگای دیالە داوە، ئەوەش بەگوێرەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024.
ژمارەی دانیشتووانی خانەقین 260 هەزار و 907 کەس بوون کە 13.49%ـی تەواوی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکەیە. شارەبان 254 هەزار و 3465 کەسی تێدا سەرژمێری کراوە کە 13.15%ـی تەواوی دانیشتووانی پارێزگایە، مەندەلی 49 هەزار و 348 کەسی تێدا تۆمار کراوە، کە 2.55%ـی دانیشتووانی پارێزگاکەیە.
راپۆرتەکە بەلەدرووزی بە ناوچەی کوردستانی هەژمار کردووە، کە ژمارەی دانیشتووانی 117 هەزار و 497 کەسن و 6.07%ـی تەواوی دانیشتووانی پارێزگاکەن.
لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017، پۆستى سەرۆکى لقى خانەقینى لیژنەى مادەى 140ى دەستوور لە دەست کورد نەماوە.
نازک ئەحمەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى خانەقین بە تۆڕى میدیای رووداوى راگەیاند: "ئێستا عەرەبێک بەرپرسی نووسینگەی مادەى 140ى خانەقینە و ئەوەش کاریگەرى لەسەر جێبەجێکردنى ماددەکە هەیە، کە زۆرینەى ئەوانەى قەرەبوو دەکرێتەوە عەرەبن نەک کورد".
لە ساڵێکدا زیاتر لە پێنج هەزار عەرەبی هاوردە گەڕاونەتەوە
لە راپۆرتەکەی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بە ساڵێکی جێبەجێکردنی مادەی 140 دراوە و پەیوەندیدارە بە گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە لە دیالە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە 808 خێزان کە پێنج هەزار و 666 کەسن لە عەرەبی هاوردە لە ناوچە کوردستانییەکانی دیالەوە گەڕاونەتەوە.
بەگوێرەی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور، هەر عەرەبێکی هاوردە بگەڕێتەوە زێدی پێشووی خۆی، 20 ملیۆن دیناری دەدرێتێ.
ئامارەکەی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە، ئەو عەرەبە هاوردانە تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2006 گەڕاونەتەوە.
لیژنەی مادەی 140ـی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005ـەوە کارا کراوە و بەگوێرەی مادەکە دەبوو تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2007 ئەو مادەیە جێبەجێ بکرێت.
زۆرترین ئەو عەرەبە هاوردانەی کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا گەڕاونەتەوە، دانیشتووی سنووری پارێزگای دیوانیە بوون کە 1869 کەسن، کەمترینیان عەرەبی هاوردەی میسان بووە کە 21 کەس بوون.
لە ماوەی سێ ساڵدا (2003 بۆ 2006) ژمارەی ئەو خێزانە کوردانەی کە گەڕاونەتەوە بۆ خانەقین نۆ هەزار و 732 خێزان بوون، کە دەکاتە 48 هەزار و 257 هاونیشتمانی. لە کاتێکدا ئەو خێزانانەی قەزاکەیان جێهێشتووە چوار هەزار و 73 خێزان بوون، کە 27 هەزار و 985 کەس بوون.
یەکێک لەو هەنگاوانەى دیکە کە لە ساڵى 2005 نرا بە ئاراستەى گۆڕینى دیموگرافیاى ناوچە کوردستانییەکان، دەنگدانى ئەنجوومەنى پارێزگا بوو بۆ بە قەزاکردنى ناحیەى گوڵالە و لکاندنى ناحیەى سەعدیە بەو قەزایە لەدواى جیاکردنەوەى هەردوو ناحیەکە لە خانەقین.
نازک ئەحمەد گوتى: "بە فەرمى داوامان لە سەرۆکوەزیران کردووە، کە بڕیارى بە قەزاکرنى گوڵاڵە رابگرێت، ئەگەر ئەو هەنگاوە بکرێت زۆرینەى دانیشتووانى گوڵالە و سەعدیە دەبنە عەرەب".
