رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان بە بەرد، دار و چەقۆ لە نێوان دوو ماڵبات لە قەزای جزیرێ سەر بە پارێزگای شرنەخ، 8 کەس بریندار بوون و 17 کەسیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 26ی ئایاری 2026، لە قەزای جزیرێ سەر بە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان روویدا. بەپێی زانیارییەکان، ئەندامانی ئەو دوو ماڵباتە خزمی یەکدین و کێشە و ناکۆکیی کۆنیان لە نێواندا هەبووە، لە سەر شەقام تووشی دەمەقاڵێ بوون و دواتر گرژییەکە پەرەی سەندووە و کار گەیشتووەتە هێرشکردنە سەر یەکدی بە بەرد، دار و چەقۆ.
دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی پۆلیس، ژمارەیەکی زۆر لە تیمی ئەمنی و فریاکەوتنی تەندروستی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
هێزەکانی پۆلیس بە گرتنەبەری رێوشوێنی تووندی ئەمنی لە گەڕەکەکەدا توانیویانە کێشەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و رێگری لە گەورەبوونی شەڕەکە بگرن.
هەر 8 بریندارەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی حکومیی جزیرێ و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان. هاوکات، هێزەکانی پۆلیس 17 کەسیان لە هەردوو بنەماڵەکە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە شەڕەکە دەستبەسەر کردووە.
