رووداو - تەندروستی
لە نوێترین داهێنانی توێژەرانی سویسری لە زانکۆی لۆزان؛ بە یارمەتیی ژیریی دەستکرد جووڵەی رۆیشتنی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی پارکینسن باشتر دەکرێت.
هاندانی قووڵی مێشک کە بە Deep-Brain Stimulation ناسراوە چارەسەرێکی سەرەکی بووە بۆ کەمکردنەوەی جووڵە ناڕێکەکانی نەخۆشییی پارکینسن وەکو (لەرزین، رەقبوون و ناهاوسەنگبوونیی جەستە)
بەڵام توێژەران دەڵێن، چارەسەرەکە کەمتر سوودبەخشە بۆ جووڵەکانی بە پێ رۆیشتن و بۆ ئەمەش ئەو بڕی هاندانەی کە بۆ ئەو جۆرە چارەسەرییە بەکاردەهێندرێت، بەپێی پێویستیی جووڵەی کەسەکە بە هاوکاریی ژیریی دەستکرد رێک دەخرێت.
واتە ئەگەر کەسێک بیەوێت زیاتر بەپێ بڕوات، ئەوا نێردە کارەباییەکانی هاندانەکە بەجۆرێک کار دەکات کە بەپێ رۆیشتنی کەسەکە باشتر بکات و هاوسەنگی خۆی بپارێزێت.
پڕۆفیسۆر د. ئێدواردۆ مۆرۆد، توێژەر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکیی فیدراڵیی لۆزان و سەرپەرشتیارێکی توێژینەوەکە دەڵێت: لەبەرئەوەی ئێستا دەتوانین ئەلگۆریتمەکانی ژیریی دەستکرد پەرەپێبدەین کە هاندانەکە لە کاتی راستەقینەدا دەگۆڕن، بۆچی هەوڵنەدەین ئەم سیستمانە پەرەپێبدەین تاوەکو بەپێی ئەوەی نەخۆشەکە چی دەکات کاربکەن.
ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە لەسەر 40 نەخۆش کرا و دەرکەوت، "ئەمە رێگەی پێداون باشتر بڕۆن و جێگیرتر بن و خۆیان لە کەوتن بپارێزن''.
نەخۆشیی پارکینسن چییە؟
پارکینسن نەخۆشییەکی کۆئەندامی مێشک و دەمارە؛ کاردەکاتە سەر جووڵەی جەستە. دەمارەخانەکانی کەسی تووشبوو دەپووکێنەوە، بەهۆی ئەوەی ئاستی دۆپامین لە جەستەدا کەم دەبێتەوە یاخود نامێنێت، باوترین نیشانەشی هەرچەندە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت بەڵام بریتین لە 'پووکانەوە ماسوولکەکان، لەرزین، ناڕێکیی جووڵە، ناهاوسەنگیی جەستە، تێکچوونی بیرکردنەوە و تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی'.
بەگوێرەی دامەزراوەی پارکینسن، لە جیهاندا زیاتر لە 10 ملیۆن تووشبووی نەخۆشییەکە هەن.
