رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان لەبارەی وەرزش و بەتایبەتیش تۆپی پێ رایدەگەیێنێت، شیکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتیی زۆر هەن بۆ یاری، بە تایبەتی دووگۆڵی، چونکە مرۆڤ وەرزشی بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەکارهێناوە، ئەگەر جاران شەڕی کردبێت، ئێستا لەڕێگەی بابەتی دیکەوە شەڕ دەکات.
د. فەهمی عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان دەڵێت، ''یارییەکان بە گشتی، دۆخێکی جیاواز و تاڕادەیەک منداڵانە ئەخولقێنن. خراپ نییە، ئەگەر جنێو و شەڕەشەق و چەقۆوەشاندنی تێنەکەوێ. مرۆڤ لەکاتی یارییەکاندا، دیوە غەریزی و هەڵپەییەکانی بە تەواوی نمایش دەکا و زۆربەی دەمامکەکانی (نەک هەمووی) فڕێدەدات''.
ئەوەشی بە رووداو گوت کە وەرزش وەکو کێبڕکێ کاریگەریی لەسەر دەروون هەیە و کەسێک دەباتەوە دڵی خۆش بێت و کە دەشدۆڕێت فێری هونەری دۆڕانی دەکات لە ژیاندا و وادەکات ئەو کەسایەتییە نێرگزییەی لە ناخی مرۆڤدا هەیە، کاڵ ببێتەوە کە هەمیشە مرۆڤ براوە نابێت، بۆیە ناچارە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ دۆڕانەکەیدا.
لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە سەیرکردنی یارییەکان و خۆشویستنی یانە، هەڵبژاردە و یاریزانەکان وا لە مرۆڤ دەکات ناسنامەی کەسێتیی بۆ دروستببێت، هەستێکی خۆشیش دەبەخشێت کە لەنێو یاریگەدا کۆمەڵێک کەس پاڵپشتیی یەک تیم و یەک هەڵبژاردە دەکەن، ئەمەش جیاوازییە کۆمەڵایەتی، کولتووری، چینایەتی و ئایینییەکان ناهێڵێت.
تەنانەت لەڕووی مافیشەوە، وەرزش بەتایبەتیش تۆپی پێ یەکسانبوونێک دەهێنێتە ئاراوە کە پێمان دەڵێت ''مەرج نییە ئەگەر تەنیا جەستەت گەورە بوو ئیدی ئەنجامی باشت دەبێت، یاخود کە خاوەنی مێژووی باش و وڵاتێکی ناسراو بوویت، ئیدی براوەیت'' بەڵکو ئەوەتا هەندێک تیم هەن بەرامبەر بە وڵاتە زلهێزەکان یاری دەکەن و براوەش دەبن کە ئەمەش متمانەبەخۆبوونی زیاتر دروستدەکات.
لە کۆتایشدا لەبارەی مۆندیالەوە خۆی دەرخست کە لە جامی جیهانیی 1990ـەوە هاندەری بەرازیلە.
