رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە ناوچەکە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق دەڵێ، ئاسمان دانەخراوە و گەشتەکان بەردەوامن.
رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، جیهاد کازم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکان بەشێوەیەکی سرووشتی بەردەوامن و ئاسمانی وڵات دانەخراوە.
دوێنێ شەو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی لە ئێران کرد و ئێرانیش لە وەڵامدا مووشەکی ئاراستەی چەند ئامانجێک لە کەنداو کرد.
بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو گەشت لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ ئیستەنبووڵ و قاهیرە هەڵوەشێندرانەوە.
گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی گەشتێک یان زیاتر لە دەسەڵاتی فڕۆکەخانەکانە و بە واتای ئەوە نایەت کە مەترسی لەسەر ئاسمانی وڵاتەکە هەیە، بەڵکو رێکارێکی خۆپارێزییە.
بەگوێرەی خشتەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بۆ رووداو نێردراون، گەشتەکان بەشێوەیەکی چڕ بەردەوامن و تەنیا ئەمڕۆ چوارشەممە، زیاتر لە 60 گەشتی نێوخۆیی و دەرەکی لە خشتەکەدا تۆمارکراون.
گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی، بەسرە و کەرکووکەوە بەرەو تورکیا، میسر، لوبنان، ئیمارات، ئوردن، سعودیە و چین ئەنجام دەدرێن.
