رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق دەڵێت، لە رووداوی گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا "شوفێری بارهەڵگرەکە کەمتەرخەم بووە و لە بنکەی پۆلیس دەستبەسەرە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێگەی بەغدا- بەسرە بە دانانی کامێرای زیرەک کۆنترۆڵ دەکەن.
عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق، رۆژی چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو رووداوەدا کە هەڵکەوت عەزیز گیانی لەدەستدا "شوفێری بارهەڵگرەکە کەمتەرخەم بووە و لە بنکەی پۆلیس دەستبەسەرە".
حەیدەر شاکر گوتی: "هێڵکاریی هاتووچۆ هەیە. بەدڵنیایەوە کەمتەرخەمییەکە دەکەوێتە ئەستۆی شۆفێری بارهەڵگرەکە کە بە ئۆتۆمبێلەکەی رێگەکەی گرتووە و لە ئەنجامدا هاوڕێ و برای میدیاکارمان هەڵکەوت عەزیز گیانی لەدەستدا. هەر بەم بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکارەکەی و خێزانی میدیایی بەگشتی دەکەین".
بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق ئاماژەی بەوەکرد: "سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش کە ئایا هەڵەیەکی تەکنیکی لە ئۆتۆمبێلەکەی بووە یان شوفێرەکەی نوستووە یان شەکەت و ماندوبووە، ئەمە دەبێت دادگەی عێراقی ئاشکرای بکات".
وەک عەقید حەیدەر شاکر باسی کرد، "شاهێد هەیە، دیمەن هەیە، شوفێری هەردوو ئۆتۆمبێلەکە ماون، گوتەیان لێوەرگیراوە و لەکاتی لێکۆڵینەوەی دادگەدا هەموو شتێک ئاشکرا دەبێ و هەمووان ملکەچی یاسان".
حەیدەر شاکر گوتی: "هەرچەندە بڕیار لای دادگایە، بەڵام هەر رووداوێکی هاتووچۆ گیانلەدەستدانی لێ بکەوێتەوە، سزای زیندانیکردنی هەیە و ئەو کەسە زیندانی دەکرێ کە بووەتە هۆکاری رووداوەکە. بە قسەی شوفێرەکە، سەرەتا بارهەڵگرەکە کەوتووەتە سەر خۆڵ و دواتر کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە پەرژینەکەدا داوە، دواتر بەریەککەوتنەکە لەنێوان هەردوو ئۆتۆمبێل روویداوە و لە ئەنجامدا هەڵکەوت عەزیزی هاوڕێمان گیانی لەدەستداوە".
سەبارەت بە رێگەی نێوان بەغدا- بەسرە، بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق گوتی: "بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ پڕۆژەی هەیە رێگەکە بە دانانی کامێرای زیرەک بە تەواوی کۆنترۆڵ بکات".
دوای ئەوەی لە رێگەی بەغدا - بەسرە لە سنووری پارێزگای دیوانیە تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.