رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ پرسی مووچە و رادەستکردنی داهاتی ناونەوتیی هەرێمی کوردستان دەکەن و رێکار و هەماهەنگییەکان لەگەڵ هەولێر لەبارەی مووچەوە رێکدەخەن. راشیگەیاند "حکومەتی فیدراڵی بەرپرسیارێتیی تەواوی هەیە بۆ رێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیەیە و دابینکردنی پێویستییەکانی بۆ ئەم قۆناخە."
رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، حەیدەر عەبوودی، دوای دەستنیشانکردنی وەکو گوتەبێژی نوێی حکومەتی عێراق، یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی لە بەغدا کرد.
لەبارەی رادەستکردنی داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان و بڕەکەى، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لەو پرسەدا پشت بە بنەمای دەستووری دەبەستن کە ئاماژە بەوە دەکات نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە و ئەوەی لەسەر حکومەتەکەیانە وەک لایەنی دارایی و موڵکداریی و بەڕێوەبردنی داهاتە، کە دەچێتە گەنجینەی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسە، ئەوەش پابەندبوونێکی جێگیرە لەلایەن حکومەتی عێراق و لەو چوارچێوەیە مامەڵە دەکات.
حەیدەر عەبوودی رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی رێکارەکانی مامەڵە و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەی پەیوەندیدارە بە مووچە رێکدەخات؛ لەبەر ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بەرپرسیارێتیی تەواوی هەیە بۆ رێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیەیە و دابینکردنی پێویستییەکانی و دەیەوێت لەم قۆناخەدا داهاتە داراییەکان لەبەرچاو بگرێت، چ داهاتی نەوتى یان نانەوتی کە پێشتر ئەو پرسە چارەسەر کراوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەساڵى 2025 بڕیاری دا کە 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناونەوتیی هەرێمی کوردستان رادەست بکرێت و رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکرێت بۆ ئەوەی مووچەی مانگانە بنێرێت.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەوەی پەیوەندیدارە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، یەکێک بوو لەو پرسانەی کە لە کۆبوونەوەی خولی ئەنجوومەنی وەزیران باسکرا و سەرۆکوەزیران فەرمانی دا کە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستبەکار ببنەوە بۆ بەرهەمهێنانى نەوت، چونکە داهاتەکەی دەچێتەوە گەنجینەی حکومەت و ئەوەش پەیوەندیدارە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
حەیدەر عەبوودی گوتی: "ویستی حکومەت وایە کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بکرێت لە رێگەی گەڕانەوەی کۆمپانیاکان و بەردەوامییان لە پابەندبوون بە گرێبەستەکانیان."
سندووردارکردنی چەک تاوەکو مانگی ئەیلوول
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند عەلی فالح زەیدی، چوارچێوەیەکی روونی پەسند کردووە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی چەک بە جۆرێک سەروەریی عێراق و ئاسایشی نیشتمانی بەهێز بکات، لە رێگەی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت و یەکخستنی فەرمانە ئەمنییەکان و بەستنەوەی بە سیستمی ئەمنیی فەرمییەوە.
ماوەی دوو هەفتەیە حکومەتی عێراق دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان رادەست کردووە و ناوی کارمەندانیان لە دەستەی حەشدی شەعبی تۆمار کردووە.
حەیدەر عەبوودی رایگەیاند، ئەو پرسە کاتێکی دیاریکراوی هەیە بۆ جێبەجێکردن کە مانگی ئەیلوولە، چونکە ئەو کاتە پابەندبوونێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق.
بودجەی نوێ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە بودجەی پڕۆگرام دابڕێژرێت لە رێگەی هاوکاری و هەماهەنگیی بانکی نێودەوڵەتی و لیژنەی دارایی پەرلەمان بۆ باشترکردنی توانای خەرجکردن و هەنگاونان بۆ ئەدای دارایی کە پڕۆسەی بووژانەوە و چاکسازیی ئابووری بباتە پێشەوە.
تاوەکو ئێستا بودجەی ساڵی 2026ی عێراق پەسند نەکراوە، لەگەڵ ئەوەی بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی دەبوو تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 یەکلا بکرایەتەوە.
حەیدەر عەبوودی رایگەیاند، سندووقی بووژانەوە دادەمەزرێنن، ئەوەش لە رێگەی هاوکاریی نێودەوڵەتییەوە؛ ئامانج لێی دۆزینەوەی چارەسەری ئابوورییە لە رێگەی گەنجینەی وەبەرهێنان کە تێیدا هێڵێکی وەبەرهێنانی 100 ملیار دۆلاری دەکێشرێت و ئەگەر هەیە بگاتە 250 ملیار دۆلار، بە ئامانجی هێنانەکایەی سەقامگیریی دەوڵەت لە رێگەی دەروازەی ئابوورییەوە.
