رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵ هیچ قەدەخەیەکی گشتی لەسەر بەرهەمە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان نەسەپاندووە. راشیگەیاند، خاڵە پشکنینەکان تەنیا بۆ رێکخستنی کارگێڕی و داراییە، نەک وەک سنووری نێودەوڵەتی.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026 بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان کار دەکات بۆ گەشەپێدانی ژینگەی کار لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەپێی چوارچێوە دەستوورییەکان. گوتیشی: "کۆمپانیا و کارگەکانی هەرێمی کوردستان لە رووی یاساییەوە بە بیانی دانانرێن، چونکە هەرێم بەشێکە لە عێراق، بەڵام بۆ چالاکیی بازرگانی لەسەر ئاستی وڵات، دەبێت پابەندی یاسا فیدراڵییەکانی وەک باج و کۆنترۆڵی جۆری بن."
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکان کە گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی پێدان، زانیاری و بەڵگەنامەکانی 4 هەزار 710 کۆمپانیای نێوخۆیی و بیانی کە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، پەسند کراون؛ لەو ژمارەیەش 4 هەزار و 585 کۆمپانیایان عێراقی و 125 کۆمپانیایان بیانین.
سەبارەت بەو رێکارانەی لە خاڵەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق پەیڕەو دەکرێن، محەممەد حەنوون گوتی: "هەبوونی خاڵەکانی پشکنین و رێکارە چاودێرییەکان بە واتای هەبوونی سنووری نێودەوڵەتی نایەت، بەڵکو لە پێناو دڵنیابوونەوەیە لە سەلامەتیی بەرهەمەکان و پاراستنی بەکاربەر، لە چوارچێوەی پێداویستییە ئەمنی و داراییەکاندا."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵ پشتگیری لە یەکخستنی رێکارە ئابوورییەکان دەکات بۆ ئەوەی دادپەروەری لە نێوان هەموو پارێزگاکان هەبێت. گوتیشی، وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە ئاسانکاریی مامەڵەکان و بەهێزکردنی یەکگرتنی ئابووریی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئابووریی نیشتمانی بکات.
