رووداو دیجیتاڵ دادگەی بەغدا بڕیاری ساڵێک زیندانیکردنی بۆ مەشعان جبووری، سیاسەتمەداری عێراقی دەرکرد، لەسەر بنەمای سکاڵایەکی محەممەد حەلبووسی کە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە رەمزەکانی دەوڵەت"ی دابووە پاڵ. رۆژی پێنجشەممە، دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، بە شێوەی ئامادەنەبوو (غیاب)، سزای ساڵێک زیندانیکردنی بۆ مەشعان جبووری دەرکرد. بڕیارەکە دوای سکاڵایەکی یاسایی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم و سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق هات، کە تێیدا جبووری تۆمەتبار کردبوو بەوەی "هەڕەشەی کوشتن"ی لێکردووە و "سووکایەتی بە رەمزەکانی سیستمی دیموکراسی" کردووە. کێشەی یاسایی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2023، کاتێک حەلبووسی بەهۆی زنجیرەیەک لێدوان و هەڵوێستی سیاسیی مەشعان جبووری کە دەنگدانەوەی زۆری لە عێراقدا هەبوو، سکاڵای لەسەر تۆمارکرد. دوای دەرچوونی بڕیارەکە، مەشعان جبووری لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی (ئێکس) رەخنەی لە بڕیارەکەی دادگە گرت و ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا ئەو سزا دەدرێت، چەندین کەسایەتی و لایەنی دیکە هەن کە "هەڕەشە و پێشێلکاریی گەورەتر"ـیان کردووە، بەڵام رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی نەکراونەتەوە. مەشعان جبووری، سیاسەتمەدار و سەرۆکی پارتی وەتەنی عێراقییە و لە سووریا نیشتەجێیە. چوار خول ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە و ساڵی 2022 بە بەهۆی "ساختەکردنی بڕوانامەکەی" لە ئەندامێتی پەرلەمان دەرکرا.