رووداو دیجیتاڵ عەممار حەکیم، ستایشی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی خەڵکی هەڵەبجە دەکات، لە دۆزینەوەی تەرمی ئەو کچە کەربەلاییەی کە لە زەڵم خنکا و بە "بەرزترین واتای هاوکاری و بەرپرسیارێتی مرۆیی" وەسفی دەکات. لە پەیامێکدا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند، "هەشت رۆژ لە هەوڵی بەردەوام، داستانێکی مرۆیی راستەقینەی بەرجەستە کرد، کە تێیدا هەوڵەکانی دەزگا ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لەگەڵ سەدان خۆبەخشی خەڵکی بەڕێزی هەڵەبجە یەکیان گرت بۆ گەڕان بەدوای تەرمی کچە منداڵی خنکاو (روقیە) لە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا." عەممار حەکیم ئەو دیمەنەی بە "بەرزترین واتای هاوکاری و بەرپرسیارێتی مرۆیی" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم هەڵوێستە بە "رێز و شکۆ"وە دەنرخێنێت و وەک "شایەتییەکی نەمر لەسەر رەسەنایەتی و وەفاداری ئەم گەلە لە کاتی تەنگانەدا دەمێنێتەوە." روقیەی تەمەن 11 ساڵ، کە 9ـی ئەم مانگە لەگەڵ خێزانەکەیدا بە مەبەستی گەشتکردن لە کەربەلاوە چووبوونە سەیرانگەی زەڵم لە هەورامان، لە ئاوی سەرچاوەی زەڵم دا خنکا. تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاونیشتمانییانی هەڵەبجە دوای چەندین رۆژ لە گەڕان، دوێنێ تەرمەکەیان دۆزییەوە و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش بە ئامبوڵانسێکی تایبەت رەوانەی کەربەلا کرا.